یەکێتی ئەوروپا بڕیارێکی نوێ له‌باره‌ی ڤیزای شنگن ده‌دات

ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا رەزامەندی دەربڕی لەسەر دانوستان په‌یوه‌ست به‌ پێشنیارێک بۆ به‌ دیجیتاڵکردنی پرۆسەی داواکاری ڤیزای شنگن بۆ سەرجەم داواکاران.

پێشنیاری دیجیتاڵکردنی رێکارەکانی ڤیزا ئەگەری پێشکەشکردنی داواکاری ڤیزای شنگن بە شێوەی ئۆنلاین ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌، واتا ستیکەری ڤیزای شنگن بە ڤیزای دیجیتاڵی دەگۆڕدرێت، ئەوەش پرۆسەکە ئاسانتر دەکات.

جگە لەوەش، ئامانجی پێشنیارەکە ئەوەیە کە رێکاری داواکاری ڤیزای شنگن زیاتر پراکتیکی بکات و ئاسایشی ناوچەی شنگن باشتر بکات.

ماریا مالمێر شتاینەرگارد، وەزیری کۆچبەری سوید پێشوازی له‌ پێشنیاره‌كه‌ كرد و رایگه‌یاند، “رێکاری ڤیزای دیجیتاڵی ئاسانکاری بۆ هەموان دەکات بۆ پێشکەشکردنی داواکاری و خستنه‌ڕوی بەڵگەنامەکانیان”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بە دیجیتاڵکردنی رێکارەکانی ڤیزای شنگن ژمارەی سه‌ردانه‌كان بۆ کونسوڵخانەکان کەمدەکاتەوە، ئاسانکاری دەکات بۆ بەڕێوەبەران بۆ پرۆسێسکردنی داواکارییەکان.

بەپێی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا، ئەگەری پەسەندکردنی پەیڕەوی پێشنیارکراوی نوێ سەکۆیەکی فراوان بۆ وەرگرتنی ڤیزای یه‌كێتی ئه‌وروپا دروست دەکات.

ئەنجومەنەکە جەختی لەوەکردەوە، کە “ئامادەبونی کەسی لە کونسوڵخانەکەدا تەنها بۆ ئەو کەسانە پێویست دەبێت کە بۆ یەکەمجار داواکاری پێشکەش دەکەن، ئەو کەسانەی کە داتای بایۆمەترییان کارا نەماوە و ئەوانەی بەڵگەنامەی گەشتیاری نوێیان هەیە”.