یەدەگی دراوی بانکی ناوەندی عیراق لە 90 ملیار دۆلار نزیکدەبێتەوە

یەدەگی دراوی بانکی ناوەندیی عێراق لە 90 ملیار دۆلار نزیکدەبێتەوە و پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ 90 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت. 
ئەمرۆ چوارشەممە 9ـی 11ـی 2022، ئیحسان شەمران یاسری، راوێژکاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، یەدەگی دراوی بانکی ناوەندیی عێراق گەیشتووەتە 89.90 ملیار دۆلار کە یەکەمجارە یەدەگی بانکی ناوەندی بگاتە ئەو بڕە پارەیە. 
ئاماژەش بەوەدەکات، “ئابووری عێراق بەرەو باشتربوون دەروات. پێشبینی دەکەم تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یەدەگی بانکی ناوەندی 90 ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.”
یاسری باسی لەوەشکردووە، قەبارەی دراوی عێراقی دەستاودەست کراو بە 83 تریلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت کە دەکاتە 58 ملیار دۆلار. لەکاتێکدا پارەی کاش لای خەڵک و بانکەکان بە 6 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت کە دەستاودەستی پێدەکرێت.