یۆنان گرنگی بە کاری بازرگانی و کشتوکاڵی دەدات لەگەڵ سلێمانی

بەمەبەستی ئاگاداربون لەپەیوەندییە بازرگانیەکان کونسوڵی یۆنان لەهەولێر سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نەوزاد غەفور، جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە بازرگان و خاوەنکارانی سنوری پارێزگای سلێمانی کە کاری هاوبەشیان لەگەڵ ووڵاتی یۆنان هەیە لەگەڵ کونسوڵی یۆنان لەهەولێر کۆبونەوە.

سیروان محەمد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەردانەکەی کونسوڵی یۆنان و کۆبونەوەی لەگەڵ بازرگانان ڕایگەیاند “بازرگانانی شاری سلێمانی پەیوەندیەکی باشیان هەیە لەگەڵ تەواوی وڵاتانی جیهان توانیویانە بەرهەمە کوالێتی بەرزەکان و پێداویستیەکان هاوردەنبکەن، هەوڵیان داوە کارگەکانیش بهێننە کوردستان، وڵاتی یۆنانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کاری هاوبەشی هەیە لەگەڵ بازرگانان و خاوەنکاران لەشاری سلێمانی”.

راشیگەیاند “کەرتی پیشەسازی کشتوکاڵی لەئێستادا گرنگی زیاتری پێدەدرێت لەناوخۆی هەرێمدا شاری سلێمانی توانیویەتی پێشکەوتنی باش بەخۆیەوە ببینێت، لەبوارەکانی بەرهەم هێنانی کشتوکاڵ و گرنگیدان بە پیشەسازی کشتوکاڵی”.

لای خۆشیەوە کونسوڵی یۆنان ڕایگەیاند “ئامانجمان لەسەردانەکەمان لەنزیکەوە ئاگاداربونە لەو کارە بازرگانیانەی یۆنان کە لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی هەیەتی لەگەڵ بەدواداچونکردن بۆ ئەو کێشەو گرفتانەی هەیە لەبەردەم کارە بازرگانی و پیشەسازیەکان تابتوانین بەرەوپێشیان بەرین و کێشەکان چارەسەر بکەین”.

راشیگەیاند” یۆنان لەڕوی کشتوکاڵیەوە زۆر پێشکەوتووە دەمانەوێت بەهاوبەشی ئەو پێشکەوتنانە لە ڕێگەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بگوازینەوە بۆ شاری سلێمانی تا جوتیاران سودی لێ ببن، خاکو سروشت کەوھەوای کوردستان زۆر لەبارە بۆ کاری کشتوکاڵی”.

ئاماژەی بەوەشدا کاری بازرگانی هاوبەش زیاتر دەکەین، دەمانەوێت بازرگانان ئاشنابن بەکاڵاکانی یۆنان لەسەرجەم بوارەکاندا هەر بۆیە بەگرنگیەوە لەبەهێزکردنی پەیوەندیەکانمان دەڕوانین.