کەشناسی: ناتوانین پێشبینیی کۆتاییهاتنی وشکەساڵی بکەین

ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی راگەیاند، لە سەرەتای وەرزی بارانبارینی ئەمساڵەوە تا ئێستا 95.5 ملیمەتر باران باریوە ئەوەش سێ هێندەی ئەو بڕەی ساڵی رابردووە کە تەنها 35.7 ملیمەتر باران باریبوو.

سەبارەت بە ئەگەری کۆتاییهاتنی وشکەساڵی وتی، ئێستا سەرەتای وەرزی بارانبارینە ناتوانرێت پێشبینیی بکرێت چونکە ئەو بڕەی ئێستا باریوە لەگەڵئەوەی زۆرە بەڵام پێشبینیی وشکەساڵی لەسەر بنەمای ئەو بڕە ناکرێت.

بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی دەڵێت، ئەو بڕە بارانەی تا ئێستا باریوە کەمترە لە تێکڕای بارانبارینی ئاسایی هەرچەندە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر باریوە، بەڵام بە بڕێکی کەم لە خوار تێکڕای دیاریکراوەوەیە.

جەختی لەوەشکردەوە، کە دیاردەی وشکەساڵی یەکێکە لەو دیاردانەی کە پێشبینیی ناکرێت و ناتوانرێت بزانرێت ساڵێک وشکەساڵی دەبێت یان نا، چونکە وەرزی بارانبارین ئەگەری هەیە لە کۆتاییدا ببێتە کەمبارانی و ئەگەری هەیە لە سەرەتادا بۆیە پێشبینی نەکراوە.