کۆشکی سپی: نزیکبوینەتەوە لە گەیشتن بە رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران

جۆن کێربی، وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی، رایگەیاند، سەرۆک جۆو بایدن تائێستا لەو باوەڕەدایە کە دیپلۆماسیەت و گەڕاندنەوە بۆ رێکەوتن باشترین چارەسەرە بۆ بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، دەشڵێت،”نزیکین لە گەیشتن بە ڕێکەوتنی ئەتۆمی”.

ئاوێنه‌: جۆن کێربی، وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند،”تائێستا سەرۆک جۆو بایدن، باوەڕی وایە دیپلۆماسیەت و گەڕاندندەوە بۆ رێکەوتن باشترین چارەسەرە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، چونکە گەر ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی چارەسەری هەر کێشەیەکی ناوچەکە زۆر قورس دەبێت”.

وتیشی،”ماوەی دو هەفتەیە گفتوگۆکان دەستیانپێکردوەتەوە، تیمی دانوستانکار لە نزیکترین کاتدا دەگەن بە رێکەوتنی کۆتایی، ئێمە وەڵامەکانی خۆمان پێشکەش کردوە، چاوەڕێی بڕیارێکی ئیجابی دەکەین لەوبارەیەوە”.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردو ئێران رایگەیاند، ئەو تێبینیانەی بۆ چارەسەری پرسە هەڵپەسێردراوەکانی ناو دانوستانەکانی ڤییەنا هەیانبوە رادەستی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکایان کردوە.

ئەمەش دوای ئەوەی هات، کە یەکێتی ئەوروپا لەسەرەتای ئەم مانگەدا پێشنیارێکی بۆ پێشکەشکردنی نوسراوی کۆتایی رێکەوتنی ئەتۆمی پێشکەش کرد و دواتریش ئێران کۆتا تێبینییەکانی خۆی رادەستکردن و رۆژی چوارشەممەی رابردوش ئەمریکا هەمان هەنگاوی نا بەمەبەستی واژۆکردنی رێکەوتنی کۆتایی.

هاوکات، لەگەڵ ئەو ئاماژانەی بە گەیشتن بە رێکەوتنی ئەتۆمی لەئارادان، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، تائێستا گەیشتن بە رێکەوتن رون نییە، بەڵام هەردولا پێیان باش نییە مردنی رێکەوتنەکەیان رابگەیەنن.