کۆبونەوەی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەنجامدرا

بەئامادەبونی سەرۆکی ژوور و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی و بەرێوبەری گشتی ژوور، ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٣/١٣ کۆبونەوەی ئاسایی مانگانەی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەڕێوەچوو.

لەکۆبونەوەکەدا باس لەتەواوی ئەو کێشەو گرفتانە کرا کە لەئێستادا لەبازاڕەکاندا بەهۆی گۆڕانکاری بەردەوام لەنرخی دۆلار ڕویداوە، جەخت لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کرایەوە.

باس لەوەشکرا هەوڵبدرێت ئەو بانکانەی حکومەتی ناوەندی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و لقیان لەسلێمانی هەیە لەگەڵ بازرگانان مامەڵە بکەن و بتوانن نرخی دۆلار وەک بانکی ناوەندی بفرۆشن بەبازرگانان.

لەکۆبونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کەرتی پیشەسازی و پرۆژەی بچوک کە حکومەت گرنگی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی بدات و قەرزی بچوک بدات بە گەنجان، تا بتواندرێت بەرهەمی ناوخۆی زیاد بکرێت وە دەرفەتی کاری زیاتر برەخسێنن ئەوەش بەوە دەکرێت حکومەت هاوکاری تەواوی ئەو کەرتە بکات و لەپێدانی خزمەتگوزاریەکان هاوکاریان بێت و نرخیان لەسەر هەرزان بکات.

بەشێکی تری کۆبونەوەکە باسکردن بوو لە بەهێزکردنی پەیوەندی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێن و پیشەسازی لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا تابتواندرێت کەرتی بەرهەم هێنان بەهێزتربێت.