کاریگەری راگرتنی ئینتەرنێت لە ئێران لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

یەک مانگە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی لە ئێران بەردەوامە و بەهۆی گرژییەکانەوە، کێشە بۆ هێڵەکانی پەیوەندیکردن لەناوخۆ و دەرەوەی ئێران دروست بووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دروست کردووە.

بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە چەند بوارێکدا، ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە و بۆ ئاڵوگۆڕی دراو، خستنەڕوو و خواست و هەروەها کۆدی بانکیی، پێویستییان بە ئینتەرنێت هەیە، یەکێک لەو بوارانەش هاوردەکردنی سەوزە و میوەیە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی سەوزە و میوە لە هەولێر، رەجەب حاجی عەزیز ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئەنجامی راگرتنی ئینتەرنێت لەلایەن حکوومەتی ئێران بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروستبووە و ناتوانن لە هەرکاتێکدا بێت میوە و سەوزە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ببینن و بیکڕن.

رەجەب حاجی عەزیز لەبارەی راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران و کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وتی: “پچڕانی ئینتەرنێت کاریگەری زۆری هەیە لەسەر مامەڵە بازرگانییەکان، چونکە سەدا ٨٠ی مامەڵەکانمان لەگەڵ ئێرانە، پێشتر هەر کاتێک نیازمان بووایە میوە و سەوزە بکڕین، ئەوا بازرگانانی ئێران لە رێگای ئینتەرنێتەوە وێنەی میوەکەیان دەنارد و ئێمەش بڕیارمان دەدا، بەڵام ئێستا دەبێت چاوەڕێی هەلێک بکەین کە ئینتەرنێت چەند خولەکێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەوان وێنەی میوەکەمان بۆ بنێرن و مامەڵەی لەسەر بکەین، ئەمەش کاریگەری لەسەرمان هەیە”.

وتیشی: “رۆژ هەیە لەبەر نەبوونی ئینتەرنێت نەمانتوانیووە لەوێ میوە بکڕین و لەم حاڵەتەشدا لێرە نرخەکان بەزربوونەتەوە، بۆ نموونە جاری وا هەیە دوو رۆژ بارەکانمان دوا دەکەوێت بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێتەوە و ئەمانەش هەمووی کاریگەری لەسەر بازاڕ هەیە”.

سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی سەوزە و میوە لە هەولێر، رەجەب حاجی عەزیز لەبارەی قەبارەی هاوردەکردنی بەروبوومی ئێرانی بە گشتی بۆ بازاڕی سەوزە و میوە لە هەولێر وتی: “تەنیا لە عەلوەی هەولێر، رۆژانە کەمترین قەبارە ٢٥٠ تا ٣٠٠ تۆن بەروبوومی ئێرانیمان بۆ دێت”.

هاوردەکردنی هەر جۆرە کەلوپەل و کاڵایەک لە ئێرانەوە، پێویستی بە حەواڵەکردنی پارە هەیە و نەبوونی ئینتەرنێتش کاری بازرگانان قورستر دەکات، چونکە کاتێک بڕە پارەیەک بۆ بازرگانێک لە ئێران حەواڵە دەکەیت، ئەوا لەگەڵ گەیشتنی پارەکە، کۆدی بانکیی (فیش بانک) وەردەگرێت و پێویستە وێنەی پسوولەی کۆدەکە بنێرێت بۆ نێرەر تا نێرەر ژمارە نهێنییەکەی پێ بدات و بازرگانەکە پارەکە وەربگرێت.

کاسبکار لە بۆرسەی هەولێر، غازی محەمەد لەبارەی پچڕانی ئینتەرنێت و کێشە و گرفتەکانی حەواڵەکردنی پارە، لە بازاڕدا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: “پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران، کاریگەری لەسەر بازرگانانی دەرەوەی ئێران هەیە، هاوکات کاریگەری لەسەر بازرگانە ناوخۆییەکانیش هەیە کە لەگەڵ ئێمە لە مامەڵەدان، نەبوونی ئینتەرنێت کارەکانمان زەحمەتتر دەکات، هەرچەندە دەتوانین لە رێگای پەیوەندی ئاسایی بێ ئینتەرنێت پەیوەندی بە بازرگانانی ئێرانەوە بکەین، بەڵام بۆ ئاڵوگۆڕی کۆدی بانکیی لەوێ، پێویستمان بە ئینتەرنێت دەبێت”.

جەمال قاسم کە کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکات لەگەڵ ئێران، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: “نەبوونی ئینتەرنێت کاریگەری زۆری هەیە، چونکە حەواڵەی پارە بۆ ئێران لە رێگای سیستەم دەبێت و کاتێک پارەکەی حەواڵە دەکەین، کۆدی بانکییمان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئینتەرنێت نەبێت ناتوانن کۆدەکەمان بۆ بنێرن و ئەوەیش کارەکانمان دوا دەخات”.

ژمارەیەک لەو کەسانەی ئاڵوگۆڕیان لەگەڵ بازرگانانی ئێران هەبوو، ئامادەنەبوون لەبەردەم زوومی کامێرا قسە بکەن بە پاساوی ئەوەی لایەنی بەرامبەریان لە وڵاتی ئێران تووشی لێپێچینەوە دەبێت.