کارگەی ڤی ڤی چەند جۆرێک زەیت لەشاری سلێمانی بەرهەم دەهێنێت

ئا: زریان محەمەد

خانمێک لەشاری سلێمانی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی زەیتی دامەزراندووەو چەند جۆرێک زەیت بەرهەمدەهێنێت، توانیویەتی بەرهەمەکانی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا بکات‌و لەبازاڕەکانی کوردستان‌و عێراق بفرۆشرێن. دونیا قادر منەوەر، خاوەنی کارگەی ڤی ڤی بۆ بەرهەمهێنانی زەیت‌و ڕاشی‌و کەرەی چەرەسات لەگفتوگۆیەدا لەگەڵ رۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” دەڵێت “”.

بازرگانی‌و پیشەسازی: کارگەکەتان لەچ بوارێکدایە چی بەرهەم دەهێنن؟

دونیا قادر منەوەر: کارگەی ڤی ڤی زەیت‌و ڕاشی‌و کەرەی چەرەسات بەسروشتی‌و پەستانی سارد بەرهەم دەهێنرێت، لەشاری سلێمانی کاردەکەین‌و لەبەرچاوی کڕیارەکانمان ئەو جۆرە زەیتەی دەیانەوێت، دروستی دەکەین بۆیان.

بازرگانی‌و پیشەسازی: پێداویستیە سەرەتاییەکانتان لەکوێ بەدەستدەهێنن؟

دونیا قادر منەوەر: ناوکی گوڵەبەڕۆژە بۆ زەیت لەئۆکراینا یان مۆڵدۆڤیا هاوردە دەکەین، چونکە بەرهەمی گوڵەبەڕۆژەی ناوخۆمان بۆ زەیت نابێت، ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە، لەکارگەکەماندا ٢٠ جۆر زەیت بەرهەم دەهێنین، وەک ڕەشکەو بەڵاڵوک‌و ناوکی هەنارو گوێزی هندی کونجی‌و گوڵەبەڕۆژەو ڕاشی‌و کەرەی چەرەسات بەرهەم دەهێنین، هەموو جۆرە چەرەساتەکان لێرە دەستدەکەون.

بازرگانی‌و پیشەسازی: بەرهەمەکانتان لەکوێ دەفرۆشنەوە؟ هەناردەی خوارووی عێراقی دەکەن؟

دونیا قادر منەوەر: فرۆشتنی بەرهەمەکانمان لەتەواوی عێراقدا هەیەو لە کوردستاندا لەتەواوی شارەکاندا بڵاوی دەکەینەوە، لەبازاڕو مارکێتەکان بەردەستن‌و لقی تایبەتمان هەیە لەبازاڕدا کە لەبەرچاوی کڕیارەکاندا ئەو جۆرە زەیتەی دەیانەوێت بۆیان دروستدەکرێت بەفرێشی دەیکڕن.

بازرگانی‌و پیشەسازی: لەڕوی کوالێتیەوە بەرهەمەکانتان لەچ ئاستێکدایە؟ کێبڕکێی بەرهەمی دەرەوە دەکات؟

دونیا قادر منەوەر: بەو پێیەی ئێمە کارگەکەمان لەسلێمانیەو لەناو بازاڕدا شوێنی فرۆشمان هەیە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەرهەمەکانی ئێمە تاقیبکەنەوە دێنە کارگەکە لەبەرچاوی خۆیان زەیتەکەیان بۆ دروست دەکرێت، وەکیلەکانمان کاتێک دێن داوای زەیت دەکەن بۆیان حازر دەکەین لەکەمترین کاتدا بەبەرچاوی خۆیانەوە، بۆیە کوالێتیمان لەسەر ئاستی عێراق سەد لەسەد سروشتیەو توانیومانە بەرهەمەکانمان بۆ وڵاتی بەریتانیاش بنێرین.

بازرگانی‌و پیشەسازی: وەک دەڵێی دەتوانن بەرهەمەکانتان بۆ دەرەوەی عێراق هەناردە بکەن، ئایا دەتوانن بەپێی کوالێتی جیهانی دروستی بکەن؟

دونیا قادر منەوەر: بەرهەمەکانمان لەوڵاتانی ئەوروپاوە داوادەکرێت ئێمەش لێرەوە لەڕێگەی گەیاندنەکانمان بەپۆست بۆیان دەنێرین‌و لەوڵاتی سویدو بەریتانیا بەفەرمی بەرهەمەکانمان دەفرۆشرێت‌و لەمارکێتەکانداهەیەو خواست لەسەری هەیەو بەپێی کوالێتی جیهانی بەرهەمیان دەهێنین.

بازرگانی‌و پیشەسازی: حکومەت هیچ هاوکاری کردون بۆ بەبازاڕکردن‌ یان پاڵپشتیکردن لەبەرهەمی ناوخۆیتان؟

دونیا قادر منەوەر: بەداخەوە حکومەت وەک پێویست پشتیوانی لەبەرهەمی ناخۆیی ناکات، ڕۆژ بەڕۆژ باج لەسەرمان زیاد دەبێت، نرخی گومرگ‌و گواستنەوە، نرخی کارەبا بەردەوام لەبەرزبونەوەدایە، ئەمەش وایکردوە نەتوانین وەک پێویست کارەکان بەرەو زیادبوون بەرین.

بازرگانی‌و پیشەسازی: هاوڵاتیان تا چەند ڕازین لەبەرهەمەکانتان؟

دونیا قادر منەوەر: بەپێی ئەو فرۆشەی هەمانە هاوڵاتیان کڕیاری بەرهەمەکانمانن‌و بەرهەمەکانمان دەکڕن‌و بەکاریدەهێنن‌و دوبارە لەسەری دەکڕنەوە. خوازیارین لەئاست داواکاری هاوڵاتیاندا بین‌و باشترین جۆری کوالێتی زەیتیان پێشکەش بکەین‌و خۆشتان دەتوانن بەهاوڵاتیان بڵێن کوالێتی بەرهەمەکانمان چۆنن.

بازرگانی‌و پیشەسازی: کارگەکەتان چەند ساڵە کاردەکات‌و دەرفەتی کارتان بۆ چەند کەس ڕەخساندووە؟

دونیا قادر منەوەر: ماوەی سێ ساڵە کارگەکەمان بەرهەمی هەیە، مانگانە نزیکەی ١٠٠ تۆن گوڵەبەڕۆژە دەکەین بەزەیت‌و زەیتەکانی کونجی‌و ڕەشکەو گوێزهندیش زۆر دروست دەکەین‌و خواستیان لەسەرهەیە، لەکارگەکەماندا توانیومانە دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە ٥٠ کەس بڕەخسێنین، بەپێی جۆری کارەکان لەناو کارگەو دەرەوەی کارگە بەردەوام لەهەوڵداین دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنین. بێگومان پشتیوانیکردن لەکارگە ناوخۆییەکان‌و پڕۆژەی بچوک هۆکارێکی سەرەکیە بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی‌و زیادبوونی دەستی کار.