کارگەی مافور، گارگەیەکی بەرهەمداری پشتگوێخراو

ئا: زریان محەمەد

کارگەیەک لەشاری سلێمانی بەردەوام کاری تیادا دەکرێت چەندین خانمی دەست ڕنگین ساڵانێکی زۆرە بێ ماندوبون چنین‌و ڕستن دەکەن هەرجۆرە وێنەیەکیان پێبدرێت بەخوری دەیچنن، بەباشترین و بەرزترین جۆری خوری.

ڕزگار عزیز گەڵاڵەیی، بەڕێوەبەری بەشی کارگەی مافوری سلێمانی بەڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند “کارگەی مافور لەشاری سلێمانی لەساڵی ١٩٩٧ دامەزراوە، ئەوکات سەر بەوەزارەتی بازرگانی بوو هەتا ساڵی ٢٠٠٦ بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لەبەرئەوەی کارەکانی کلتوریە خرایە سەر وەزارەتی ڕۆشنبیری‌و لاوان”.

وتیشی “کارگەکەمان کاری جۆڵایی تیادا دەکرا کە هەموو کارە دەستیەکانی وەک دروستکردنی بەرماڵ‌و شاڵ‌و جاجم‌و پۆپەشمین‌و چەندین کاری دیکەو لەبەشی مافور هەموو جۆرە پێوەرێکی مافور دروست دەکرا بەئێستاشەوە، بەڵام ئێستا خاوبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بەهۆی ئەوەی لە ١٥٠ فەرمانبەرەوە ژمارەمان بووە بە ٥٠ فەرمانبەر “.

کاری گارگەی مافور پێویستی بەوکەسانەیە کە توانای چنین‌و ڕستنیان هەیەو خولیایان هەیە بۆ ئەو کارە، بەوتەی بەڕێوەبەری کارگەکە بەشێکی زۆری فەرمانبەرەکانی لەبەر چەندین هۆکاری جیاواز ماندوو بوون‌و یاخود بەهۆی نەبونی پاداشتی بەردەوام بۆیان کارەکانیان دەگوازنەوە یان واز دەهێنن یان خۆیان خانەنشین دەکەن، ئەوەش بۆتە هۆی کەمبونی دەستی کار، بەهۆی دانەمەزراندنیشەوە کارەکانمان خاوبۆتەوە لەئێستادا پێویستمان بە ٥٠ فەرمانبەرە بۆمان دابمەزرێنن”.

لەبارەی بەرهەمهێنان لەکارگەی مافور، ڕزگار گەڵاڵی وتی “بەهۆی قەیرانی دارایی‌و پێنەدانی دەرماڵە تا بیکەینە هاندان‌و پاداشت بۆ فەرمانبەرەکانمان، هەروەها بەهۆی نەبونی پێشانگاوە تا بەرهەمەکانمان بفرۆشین، وایکردووە کارەکانمان خاو بێتەوەو نەمانتوانیوە سوود لەپێشکەوتنە جیهانیەکان ببینین، ئامێرەکانمان کۆنن هەر هی سەرەتای دامەزراندنی کارگەکەیە، بەپینەو پەڕۆ چاکمان کردونەتەوەو خوری خۆمان هەیە دەتوانین بۆ ماوەی دە ساڵ کاری پێبکەین کە ئێستا بەرماڵ‌و جاجم‌و پۆپەشمین کاری دروستکردنی تابلۆ بەمافور دروست دەکەین، توانای ئەوەمان نەماوە کە فەرشی سێ بەچوار یان گەورەتر دروست بکەین چونکە کارمەندمان کەمەو توانای کارمەندەکانی ئێستاشمان دیاریکراوە”.

لەبارەی بەرهەمی ساڵانەی کارگەکەیان، ئەو وتی “لەئێستادا ئەگەر ساڵێک دیاریبکەین ئێمە دەڵێین ٧٠ بۆ ٨٠ مەتر لەئێستادا بەپێی ئەو توانایەی هەمانە، بەڵام لەساڵانی ڕابردودا زیاتر لە ٢٠٠ مەترمان ساڵانە چنین هەبووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە خەمخۆری کلتور لەم وڵاتەدا نیە تەنها چاویان لەسەر کارگەی چیمەنتۆو نەوتە، حەزیان لەو شوێنانەیە کەداهاتی زۆر پەیدا دەکات، هەر بۆیە گەر بەم شێوەیە کارگەکەمان پشتگوێ بخەن مەترسی داخستنی دەبێت و بەرهەمان نابێت”.

لەبەرەی دەستکەوتنی خوری، ڕزگار گەڵاڵی بەڕێوەبەری کارگەی مافور جەخت لەوە دەکاتەوە “کوردستان خاوەنی مەروماڵاتی زۆرە کە دەتوانین سودی لێوەرگرین، ساڵانی زوو کارگەیەک هەبوو لەکۆیە هەموو خوریەکانی ناوخۆیان دەشۆردەوە، پاشان دەیاننارد بۆ کارگەیەک لەکفری لەوێ ڕەنگ دەکراو ئەیانڕست، پاشان دابەش دەکرا بەسەر ئەو حەوت کارگەیەی لەکوردستان هەیە، لەئێستادا ئەو دوو کارگەیە داخراون”.

لەئێستادا کارگەی مافوری سلێمانی لەناو یەکێک لەهۆڵەکانی کارگەی کلتوری سلێمانیدا کاردەکات، لەڕوی گونجاوی شوێنی کارکردنیانەوە، بەڕێوەبەری کارگەکە وتی “شوێنەکەمان گونجاو نیە، لەوەرزی زستاندا زۆر ساردە هیچ بڕە نەوتێکمان بۆ دابین ناکرێت، فەرمانبەرەکانمان پێویستیان بەگەرمکەرەوە هەیە، لەوەرزی هاوینیشدا زۆر گەرمە، ئەوەش کاردەکاتە سەر کوالێتی خورێکانمان کە پێویستە بەشێوەیەکی تەندروست هەڵبگیرێن، بەڵام لەوەرزی باراندا ئێمە ترسی تەڕبونی بەرهەمەکانمان هەیە لەوشوێنەی تیایدا هەڵگیراون”.

وتیشی “کارگەکە لەتوانایدایە باشترین جۆری فەرش دروستبکەن بەکوالێتی بەرزو ڕکابەری بەرهەمە هاوردەکراوەکانی پێبکەن چونکە توانای فەرمانبەرەکانمان زۆر بەرزەو شارەزای تەواویان هەیە ئەو فەرشانەی دروستی دەکەین لەهی بازاڕ کوالێتی بەرزترە، چونکە بەدەست دروست دەکرێت، کارگەیی نیە ئەوەش توانای مانەوەی زۆرترەو درەنگتر خراپ دەبێت، ڕەنگیان تێکناچێت بۆ هەڵگرتن‌و گواستنەوە لەناو ماڵدا ئاسانترو خۆشترەو هاوڵاتیان دەتوانن بەخواستی خۆیان داوای دروستکردنی فەرش بکەن، بەڵام دەبێت پەلەیان نەبێت”.

بەمەبەستی باش کردنی ئەو کارگەیە بەڕێوەبەرەکەی داوا دەکات دەسەڵاتی ئیداری‌و دارایی بگەڕێتەوە بۆ فەرمانگەکەیان‌و بیانایەکی تەواو گونجاویان بۆ دابین بکرێت‌و فەرمانبەری گرێبەستیان بۆ دابمەزرێت لەسەر بەرهەمهێنان موچەیان پێبدرێت.

کارگەی مافوری سلێمانی لەساڵی 1997 لە سەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، لە ساڵی 2006 ئەم کارگەیە بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیران خرایە سەر وەزارەتی ڕۆشنبیری‌و لاوان، بەهۆی قەیرانی داراییەوە کرێکارەکانی ئەم کارگەیە لە150کرێکارەوە بۆ 50 کرێکار کەمبووەتەوە.