کاتی پەسەند کردنی بودجەی سێ ساڵی عێراق دیاریکرا

ئەمڕۆ هەینی، ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان، بوونی کۆدەنگی پەرلەمانی بۆ پەسەندکردنی بودجە دووپاتکردەوە، دەڵێت “کورتهێنانی (64) ترلیۆن دیناری لە بودجەدا جێگیر بووە”.

موعین کازمی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “بڕی کۆتایی بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ (١٩٩) ترلیۆن دینارە، لەو بڕە ١٥٠ ترلیۆن بودجەی بەکاربەرە، کە بریتییە لە ( مووچە، بابەتی بەکاربەر و کاڵا، بەشەخۆراک، چاودێری کۆمەڵایەتی، نەسریەی وەزارەتەکان.

ئاماژەی بەوەدا کە “لە پڕۆژەیاساکەدا (٥٠) ترلیۆن دینار بۆ ئاوەدانکردنەوە و بیناسازی تەرخانکراوە، لەنێویاندا (٢.٥) ترلیۆن دینار بۆ پارێزگاکان لەژێر ناونیشانی گەشەپێدانی هەرێمەکان”.

داواشیکرد “ئەو بڕە پارەیەی بۆ گەشەپێدانی هەرێمەکان تەرخانکراوە، زیاد بکرێت”، بە پشتبەستن بە سەرژمێری دانیشتوان و ڕێژەی هەژاری، چونکە بە وتەی کازمی، ئەم بڕە پارەیە بەس نییە و پێداویستی پارێزگاکان دابینناکات”.

موعین کازمی ئاماژەی بەوەدا کە “کورتهێنانی بودجە بڕی (64) ترلیۆن دینار بووە، هەروەها دارایی پەرلەمان کار بۆ کەمکردنەوەی دەکات” ئاماژەی بەوەشکرد، “دەنگدان لەسەر بودجە لە مانگی پێنجدا ئەنجامدەدرێت، دوای ئەوە حکومەت دەست بە بەرنامەکەی دەکات لەگەڵ سەرەتای مانگی شەشدا”.

لە کۆتاییدا وتی “پەرلەمان دەنگ لەسەر بودجەیەک دەدات بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ ئەوەی پڕۆژەکان نەوەستن”.

ئاشکراشی کرد کە “کۆدەنگی پەرلەمانی هەیە بۆ تێپەڕاندنی بودجە”.