ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی چەپکەگوڵی رێزو وەفا لەسەر مەزاری مام جەلال دادەنێت

سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و جێگرانی سەرۆک‌و ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری ژوور، سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالیان کردو چەپکە گوڵی و ڕێز و وەفیان لەسەر دانا.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “سەرۆک مام جەلال لەساڵانی ڕابردوودا خەباتێکی گەورەو مێژوویی لەپێناوی گەلی کورد‌و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ لەعێراق کردوەو هاوکات بە بەردەوامی پشتیوانی بازرگانان‌و پیشەسازان‌و بازاڕی ئازادو پێشخستنی پرۆسەی ئابوری بووەو لەکاتی پێویستدا کێشەو گرفتەکانی بۆ چارەسەر کردون، ھەر کاتێک پێویست بووبێت جەنابی سەرۆک مام جەلال ڕۆڵی گرنگی گێراوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەریمی کوردستان‌و عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە”.

راشیگەیاند “سەرۆک مام جەلال ڕۆڵی گرنگی ھەبووە لەکردنەوەی پێشانگا نێودەوڵەتیەکان‌و ھاندانی بازرگانان بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی کوردستان‌و بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابورییە بازرگانیەکان‌و بەردەوامیش پشتیوانی کەرتی پیشەسازی‌و بەرھەمی ناوخۆ بووە، بۆیە ئێمە وەک ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئەمڕۆ هاتوین رێزو وەفای خۆمان بۆ ئەم سەرکردە مەزنە دووپات دەکەینەوە”.