ڕێکارەکانى ئەردۆغان شکستى هێنا و لیرەى تورکى بەرامبەر دۆلار داڕوخانى تۆمارکرد

دواى هەڵبژاردنەوەى ئەردۆغان بۆ پۆستى سەرۆکایەتى تورکیا دابەزینى بەهاى لیرەى تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیی بەردەوامە و ئەمڕۆش لە بازاڕەکانی جیهاندا ١٠٠ دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر دوو هەزار و ٦٩٣ لیرە مامەڵەی پێوەکرا.

ئەمڕۆ، دابەزینى بەهاى لیرەى تورکى لە بازاڕەکانى جیهاندا لە بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى ئاستێکى پێوانەیی تۆمارکرد، بە جۆرێک لە ئێستادا هەر ١٠٠ دۆلارێکى ئەمریکى بەرامبەرە بە دوو هەزار و ٦٩٣ لیرەى تورکى.

لە مێژووی دراوی تورکییدا، ئەمە جاری یەکەمە دابەزینی بەم شێوەیە بەخۆیەوە دەبینێت لە ماوەکانى ڕابردووشدا بانكی ناوەندی توركیا چەندین ڕێكارییان بە مەبەستى ڕێگەگرتن لە دابەزینی زیاتری بەهای لیرە گرتەبەر، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لیرە زیاتر بەهاكەی خۆی لەدەستدەدات.

ئەم دابەزینە لەدوای ئەوە دێت، کە رۆژى ٢٨ى مانگى ئایارى ئەمساڵ ئەردۆغان بۆ جارێکى دیکە بە سەرۆکى تورکیا هەڵبژێردرایەوە، وەک شارەزایانى بواری ئابوریش پێشبینیان کردبوو، نرخى لیرەى تورکى بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزىنی بەخۆیەوە بینی و لە داهاتووشدا بەهۆى خراپى سیاسەتەکانى ئەردۆغانەوە بەهاى لیرە بەرامبەر دۆلار بەهاکەی زیاتر لەدەست دەدات.