ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی: بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ڕێگریکردن لەقاچاخچێتی دۆلار شکستیانهێناوە

ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی ڕاپۆرتێکى بەناونیشانی “زیانەکانی قاچاخچێتیی دۆلار لەعێراقەوە بە 400 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت” بڵاوکردۆتەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەکردوە، هەوڵەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ڕێگریکردن لەقاچاخچێتی دۆلار شکستیانهێناوە، چونکە نرخی دینار بەرانبەر بەدۆلار لەدابەزین بەردەوامە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژیانی عێراقییەکان دەبێت‌و نرخی کاڵاو شمەکەکان بەرزدەکاتەوە، جگەلەوەی بەشێک لەبازرگانەکان بۆ دانەوەی قەرزی ئەو شمەکانەی هێناویانە دۆلاری پێویستیان دەستناکەوێت.

ڕۆژنامەکە لەڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، سیستەمی بانکیی عێراق لەبری ئەوەی بەشداربێت لەگەشەپێدانی ئابوریی عێراقدا، بۆتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم گەشەکردنیان ڕاکێشانی وەبەرهێنان، جگەلەوەی بوەتە هاوشانێکی بنەڕەتیی بۆ تۆڕەکانی قاچاخچێتیی‌و سپیکردنەوەی پارە، بەشێوەیەک ژمارەیەکی زۆر بانک هەن کە سەر بەکەسایەتییەکانی نزیک لەسیاسەتمەداران‌و حزبەکان‌و میلیشیا چەکدارەکانن کە بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لەقاچاخچێتی دۆلارو پارەدارکردنی پڕۆسەکانی بازرگانیی دەرەکیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەبەرامبەر بەدەستهێنانی پشتیوانی سیاسیی.

ڕۆژنامەی ئیندیپێندنت دەڵێت، دوو لەسەر سێی فرۆشی بانکی ناوەندی عێراق لەو شوێنەی کە بەپەنجەرەی فرۆشتنی دراو ناسراوە، کە لەئاستی 250 ملیۆن دۆلاری ڕۆژانەدا دەبێت، لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا سوودی بۆ بازاڕی عێراقی نەبوە، ئەمەش وایکردوە ئەو وڵاتە لانیکەم لەو ماوەیەدا بڕی 400 ملیار دۆلار زیانی بەربکەوێت.

لەڕاپۆرتی ڕۆژنامە بەریتانییەکەدا ئەوە بەدور نەزانراوە کە قاچاخچێتیی دۆلار ببێتە هۆی گۆشەگیرکردن‌و قەدەغەکردنی زیاتری بانکە عێراقییەکان، چونکە هەندێکیان بەشدارن لەپێشێلکردنی سزا نێودەوڵەتییەکان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیارەکانی ئەمدواییەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەک بانکی عێراقی‌و پابەندکردنی ئەوانی دیکە بۆ پابەندبون بەپلاتفۆرمی چاودێریکردنی جوڵەی پارە ئەلیکترۆنییەکان، تەنها سەرەتای هەنگاوی توندترو قوڵترو بەئازارترە.