ڕۆژانە هەزار تەن کارتۆن‌و پلاستیک بۆ ئێران هەناردە دەکرێت

ئا: زریان محەمەد

لەناو شاری سلێمانی ڕۆژانە بەهەزاران تەن کارتۆن‌و پلاستیک‌و شوشەی پاشماوە کۆدەکرێتەوەو هەناردەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت‌و دوبارە بەکاردێتەوە لەناوخۆدا، هیچ کارگەیەک نیە بۆ دوبارە بەکارهێنانەوەی ئەو بەرهەمانە.

عەدنان سەڵاح، بازرگانی کڕینی پاشماوەی کارتۆن‌و پلاستیک‌و شوشە لەناوشاری سلێمانی بەڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی وت “لەڕێگەی ئەو خەڵکانەی کەمدەرامەتن‌و توانای داراییان باش نیە ڕۆژانە کۆکردنەوەی کارتۆن‌و پلاستیک ئەنجام دەدەن‌و ئێمەش لێیان دەکڕینەوە، ئەو پاشماوانە لەو جێگایانە کۆدەکەنەوە کە بازاڕو مارکێت‌و قەرەباڵغی زۆری تێدایەو ڕۆژانە ئەو پاشماوانەیان هەیە”.

وتیشی “کۆکردنەوەی ئەو پاشماوانە لەبازاڕو گەرەکەکانی ناوشاری سلێمانی گرنگی ژینگەی باشی هەیەو ژیانی بەشێک لەخەڵکی کەمدەرامەتی دابینکردووە کە ڕۆژانە زیاتر لە هەزارکەس لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەوڕێگەیەوە بڕە پارەیەکیان دەست دەکەوێت کە ڕۆژانە بۆ هەر کیلۆیەک ١٥٠ دینار بۆ ١٦٠ دینار لێیان دەکڕین”.

ئاماژەی بەوەش دا “هەموو ئەو کارتۆن و پلاستیک و شوشانەی کۆ دەکرێنەوە ڕۆژانە لەتانجەرۆ پاک دەکرێتەوە و پرێس دەکرێت لە ئۆتۆمبێلی گەورەدا ڕەوانەی ووڵاتی ئێران دەکرێت کە هەر تۆنێکی بە ١٧٠ هەزار دینار بە ئێران دەفرۆشرێت،لەوڵاتی ئێران ئەو کارتۆن و پلاستیکانە دوبارە دەکرێنەوە بە بەرهەمی خام و پێداویستی لێ دروست دەکرێتەوە ئەو پێداویستیانەش لەڕێکی کاری بازرگانیەوە جارێکی دیکە هاوردە دەکرێتەوە”.

ئەو بازرگانە ئاماژەی بەوەش دا “لەئيستادا هیچ کارگەیەکی وامان نیە کە ئەو پاشماوانەی لەناو شاردا فڕێدەدرێت وەربگرێت و دوبارە لەناوخۆدا سودیان لێ ببینین بۆیە ناچارین هەناردەی بکەینەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کەڕۆژانە هەزارتۆن کۆدەکرێتەوە و هەناردە دەکرێت”.

وەسفی خەلیل، ڕاوێژکار لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەربارەی هەناردەکردنه کارتۆن و پلاستیک دەڵێت “لەدوو ڕووەوە سوودی هەیە کاتێک خۆڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە پاکوخاوێنی ژینگەی دەپارێزێت لەڕوی ئابوریشەو سودی هەیە کە لە ٪٨٠ بەکار دەهێندرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەش دا “بەداخەوە تا ئێستا نەتواندراوە لەناوخۆدا کارگەیەکی لەو شێوەیە دابمەزرێندرێت کە سودی لێوەربگیرێت بۆ بەکارهێنانەوەی ئەو مادانەی ڕیسایکلین دەکرێت کە چەند هۆکارێکیش هەیە بونەتە هۆی دانەمەزراندنی کارگە ئەوانەش زۆری کرێی کارەبا و سوتەمەنی و گرانی دەستی کارو زۆری باج، هەربۆیە بازرگانان بیر لەوە دەکەنەوە ئەو پاشماوانە هەناردەبکەن، وەدەبێت حکومەت هاوکاربێت لە دابینکردنی ئەو پێداویستیانە بۆ بازرگانان و خاوەن کاران بۆ دانانی کارگەی گەورە لەناوخۆدا وە حکومەت قەرزی پیشەسازی دابین بکات کە دەرفەتێکی زۆر دەڕەخسێنێت بۆ دەستی کار”.

ژینگە پارێزان داوا دەکەن ئەو خۆڵ و خاشاکانەی کۆدەکرێنەوە پێویستە بکرێت بەوزەی سودبەخش لەهەمو جیهاندا خۆڵ و خاشاک بەشیکن لە سەرجاوەی وزەکان بەڵام لەکوردستان نەتواندراوە وەک پێویست سود لەو خاشکە وەربگیرێت.

ملکۆی ژینگە، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان بۆ ڕۆژنامەی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند” کۆکردنەوەی پاشماوەی بەکار هێنانی پێداویستەکانی مرۆڤ کارێکی گرنگە بەڵام هەناردەکردنی بۆ ووڵاتێکی دیکە و پاشان بەکارهێنانەوی ئەمە دەبێتە کێسە چونکە لە هەموو جیهاندا خۆڵ و خاشاک بۆ وزەو سوتان بەکار دەهێندرێت لەم ووڵاتەی خۆماندا ریسایکلینیکی بەهیزمان هەبێت هەرچەندە لەشاری سلێمانی لەناوچەی تانجەرۆ کارگەیەکی ڕیسایکلینی باشمان هەیە بەڵام توانای ئەوەی نیە ئەو خۆڵ خاشاکە ڕیسایکلین بکاتەوە بۆ سوتەمەنی کورەی چیمانتۆکان و شیش بۆیە ئەمە نیگەرانی کردوین کەدەبێت ئەو خاشاکە ڕیسایکلین بکرێت بۆ جۆرێک لە وەزەی دیکە”.

راشیگەیاند “لەووڵاتانی دنیا خاشاک و پاشماوەکان پارەیەکی زۆر دەکەن چونکە بەکار دێتەوە و سودی لێوەردەگرن، لەشاری سلێمانی ساڵانە ٤٠٠ هەزار تۆن پاشماوە کۆ دەکریتەوە کە نەتواندراوە سود لەم پاشماوانە وەر بگیرێت”.

لەوڵاتانی پێشکەوتو کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بەکاردێت بۆ بەرهەم هێنانی وزە بۆ گەرمکردنی ئاوی ماڵان و کارەبا تواندراوە سوی زۆری لێ وەربگیرێت.