پڕكردنەوەی فۆڕم بۆ دامەزراندنی پێنج هەزار كەس دەستپێدەكات

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەمڕۆوە پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ پێنج ھەزار کەس دەستپێدەکات و تا یەک مانگ بەردەوام دەبێت.

حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لەمڕۆوە پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن دەستپێدەکات و تاوەکو یەک مانگیش بەردەوام دەبێت و دواتر سەیری فۆرمەکان دەکرێت و لەدوای ئەوەی بزانین چەند پڕۆژە لە شارەکان ھەیە کە پێویستی بەسەرپەرشتیارە و بەپێی فۆڕم و خاڵەکان و دواتر کە دیاریکران دەچنە خول و تاقیکردنەوەیان پێدەکرێت و کێ لەو تاقیکردنەوانە دەربچێت خاڵەکانی زۆربوو ئەوان وەردەگیرێن.

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ پێگەى فەرمى پارتى وتیشی: ئەو کەسانە دەبنە سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت و ئەوەش کارکردنەکە بەپێی گرێبەستێک دەبێت، کە وەزارەت ئامادەی کردووە کە مافی پڕۆژە و سەرپەرشتیاران دەستەبەر بکرێت، کە مووچەیان نابێت لە ٣٥٠ ھەزار دینار کەمتر نەبێت و ئەوەی دیکەش بەپێی بڕوانامە و پسپۆری و لێھاتووی مووچەیان بۆ دیاری دەکرێت.

هەروەها وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ جەختیش دەکاتەوە، ئەوانەی فۆرمەکە پڕدەکەنەوە پێویستە دەرچووی بەشەکانی کشتوکاڵ یاخود فێتەرنەری بن، کە ئەوەش خزمەتێکی باش بە ھاووڵاتیان دەکرێت، چونکە ئەم فۆرمەی پڕدەکرێتەوە بەخۆڕایی دابەش دەکرێتە سەر ئاستی فەرمانگە کشتوکاڵیەکانی ھەرێمی کوردستان.