پانزەھەمین خولی پێشەنگای نێودەوڵەتی سلێمانی کرایەوە

١٥٠ کۆمپانیا لە ١٢ وڵاتی جیھانەوە بەشدارن لە پانزەھەمین خولی پێشەنگای نێودەڵەتی سلێمانی کە لە لایەن کۆمپانیای (عێراق تەقەدوم) ڕێکخراوە بە چاودێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی.

کۆمپانیاکان لە بوارەکانی (خواردەمەنی و وەبەرھێنان و تەکنەلۆژیا و ئۆتۆمبیل و زانکۆ و بانکەکان و مۆبیلیات و پێداویستی ناوماڵ) بەرھەمەکانیان لە پانزە ھەمین خولی پێشەنگای نێودەوڵەتی سلێمانی نمایش دەکەن.

گرنگی ئەم پێشەنگایە لەوەدایە ساڵانە یەکجار دەکرێتەوە و زۆربەی بوارەکان لە خۆدەگرێت، کۆمپانیا گەورەکان بەشدار دەبن تیایدا بە تایبەتی ئەو کۆمپانیانەی وەکالەتی کۆمپانیا جیھانییەکانیان ھەیە تێدا بەشدار دەبن، ھاوڵاتیان لە نزیکەوە ئاشنا دەبن بە بەرھەمی کۆمپانیاکان.

گرنگیەکی تری پێشەنگاکە ڕەخساندنی دەرفەتی کارە بۆ ژمارەیەکی زۆر گەنجانی سلێمانی و میوانانی پێشەنگاکە ڕۆڵیان دەبێت لە زیادکردنی جوڵەی بازرگان.