پارێزگاری بانکی ناوەندی دەستپێشخەریەک رادەگەیەنێت

پارێزگاری بانکی عێراق دەستپێشخەریەک بۆ دامەزراندنی بانکێکی سەوز رادەگەیەنێت کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و پڕۆژە مامناوەند و بچوکەکانە و شاندێکی دەزگای پارەدارکردنی نێودەوڵەتیش ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی ئەو دەستپێشخەریە و دامەزراندنی ئەو بانکە دەردەبڕێت.

عەلی موحسن عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق پێشوازیکرد لە شاندێکی دەزگای پارەدارکردنی نێودەوڵەتی (International Finance Corporation)ی کە سەر بە گروپی بانکی نێودەوڵەتین‌، لە میانی دیدارەکەدا  تاوتوێی لایەنەکانی هاریکاری دولایەنەیان لە بواری کەرتی بانکی و پەرەپێدانی کەرتەکە کرد، بەگوێرەی ئەو پێشکەوتنانەی تەکنەلۆژیای جیهانی خرانەبەرباس و گفتوگۆ، هەروەها دوایین  پێشهاتەکان سەبارەت بەو  پڕۆژە  ستراتیژیانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقی بە هاوکاری دامەزراوەی پارەدارکردنی نێودەوڵەتی ( IFC) جێبەجێیدەکرێن خرانەڕو.

لە دیدارەکەدا باس لە پڕۆژەی پارەدارکردنی بەردەوام کرا، کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی بانکی و پەرەپێدانی کارەکانی بانکی بەشێوەیەک کە لایەنەکانی ژینگە و کۆمەڵگە و حوکمڕانیەت (ESG) لەبەرچاو بگرێت، چالاکییەکانی پارەدارکردن و  قەرزدان و وەبەرهێنان، بۆ بەدەستهێنانی سودی بەردەوام بۆ سەرجەم  لایەنە پەیوەندیدارەکان. 

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندی، عێراق دوەم وڵاتی عەرەبییە کە ئەم  پڕۆژەیەی دامەزراندوە، هاوکات بانکی ناوەندی عێراقی ستایش کرا لەلایەن دامەزراوەی پارەدارکردنی نێودەوڵەتییەوە بۆ هەوڵە بەرهەمدارەکانی لەکاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر کەرتی بانکی عێراقی بۆئەوەی بەشداری بکات لە پاراستنی ژینگە و پاڵپشتیکردنی گەشەسەندنی بەردەوام و سەلامەتی.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، لەو دیدارەدا، پارێزگاری بانکی ناوەندی پێداچونەوەی بە دەستپێشخەرییەک کرد بۆ دامەزراندنی بانکێکی سەوز کە بانکی ناوەندی لەئێستادا کار لەسەر جێبەجێکردنی دەکات،  هاوکات شاندەکە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ  هاوکاریکردن لە بواری ئاڵوگۆڕی ئەزمون و ڕاهێنان بۆ یارمەتیدانی دامەزراندنی ئەم بانکە کە هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵەکانی دەزگاکە و بانکی ناوەندی عێراقی لە پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و پڕۆژە مامناوەند و بچوکەکان.