وەزیری نەوتی عێراق: داهاتی مانگانەی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاست لە 8 ساڵی رابردودا

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردو داهاتی مانگانەی نەوت ( 8 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلار بوە و ئەوەش بەرزترین رێژەی داهاتی مانگانەی نەوتە لە هەشت ساڵی رابردودا.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر باسی لەوەشکردوە، “داهاتی مانگانەی نەوت 8 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار بوە (دەکاتە نزیكەی 12 ترلیۆن دینار) ئەوەش بەرزترین رێژەی داهاتی مانگانەی فرۆشی نەوتە لەماوەی هەشت ساڵی رابردودا”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپاسی پشتیوانی سەرکردایەتی سیاسی، ئیداری و کارمەندانی کەرتی نەوت دەکات و بەردەوامیش دەبن لەسەر ئەرکی نیشتیمانی بۆ بونیادنانەوەی داهاتوی وزە لە عێراق.

لای خۆیەوە کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق “سۆمۆ” رایگەیاندوە پێشبینی دەکرێت داهاتى مانگى ئازار زیاتر بێت لەمانگى شوبات، ئەویش بەهۆى بەرزبونەوەى نرخى نەوتەوە.