وەزارەتی نەوتی عێراق: رێككەوتنی سەرەتایی بۆ هەناردنی نەوتی هەرێم هەیە

دوای وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیاوە، وەزارەتی نەوتی عێراق رای گەیاند كە لەگەڵ هەرێم و توركیا دەست بە گفتوگۆ دەكەن بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێكی تر بۆ هەناردنی نەوت، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتەكە ئاشكرای دەكات كە رێككەوتنێكی سەرەتایی هەیە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم.

عاسم جیهاد، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق وتی، رێككەوتنێكی سەرەتایی هەیە بۆ دەست پێكردنەوەی پرۆسەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، ئەو رێككەوتنەش پێویستی بە رەزامەندی حكوومەتی فیدراڵ هەیە بۆ جێبەجێبوونی.

روونی كردەوە، وەزارەتی نەوت خواستی خۆ بە پەلەكردن لە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم دەربڕیوە، دوای ئەوە ناكۆكییەكانی تری نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێت، دووپاتی كردەوە كە هەرێم پابەندی لەسەرە و گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكان هەیە بۆ دەرهێنانی نەوت، جیا لەو پابەندییانەی لەگەڵ وڵاتانی نەوتەكەیان بۆ هەناردە دەكات و مانگانە دەدرێت.

جیهاد روونی كردەوە، پێویستە ئەو بابەتانە تاوتوێ بكرێن و میكانیزمی گونجاویان بۆ دابنرێت بۆ رێككەوتنی هەردوولا لەسەری بۆ داهاتوو، دووپاتی كردەوە كە وەستانی هەناردنی نەوت زیان لە بودجەی عێراق دەگەیەنێت، جیا لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

شایەنی باسە بەم دواییە بەرپرسێكی ئەمەریكی رای گەیاند كە ئەمەریكا داوای لە توركیا و عێراق كردووە دەست بە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیا بكەنەوە، چونكە بڕینی گەیشتنی وزە بۆ بازاڕەكانی دنیا لەبەرژەوەندی كەسدا نییە، بۆیە ئەمەریكا بەردەوامە لە داواكردن لە بەرپرسانی عێراق و هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە و نەوت و غاز بەو شێوەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندایە و بەپێی ئەوەی لە دەستوور هاتووە.