وادەی کردنەوەی مەرزی شوشمێ دیاریکرا

جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابووری ڕایگەیاند، پێش جەژنی قوربان، دەروازەی شوشمێ بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابوری، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان و بەرپرسانی خۆجێیی شاری پاوە، سەردانی دەروازەی سنووری شوشمێی نێوان پاوە و هەڵەبجەیان کرد و دواتر لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێی نەوسود کۆبوونەوەیەک لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەکە بەڕێوەچوو.

عەبدولوەحید محەممەدی، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابوری دەڵێت: ئامادەکارییەکان بەرەو تەواو بوون دەچێت و ڕۆژی سێشەممە، ٢٧-٦-٢٠٢٣، دەروازەکە بە فەرمی دەکرێتەوە، کردنەوەی دەروازەکە کاریگەری لەسەر زیاتربوونی هاتووچۆی گەشتیاری و گەشەی ئابووریی ناوچەکە و پارێزگای کرماشان دەبێت.

هەروەها، دوای کردنەوەی دەروازەی شوشمێ بە ڕووی گەشتیاراندا، ئامادەکاری دەکرێت بۆ هاتووچۆی گەشتیاران بە ئۆتۆمبێلی خۆیان.

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ـی ئەم مانگە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی دەروازەی سنووری شوشمێی کرد و ڕایگەیاند، بەمنزیکانە بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە.

دەروازەی شوشمێ دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی کرماشان و هەڵەبجە و زیاتر لە ١٠ ساڵە بۆ کاروباری بازرگانی بەکاردەهێندرێت، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بڕیاری بەنێودەوڵەتیکردنی دەروازەکە و هاتووچۆی گەشتیاران لەو دەروازەیە بە پاسپۆرت دراوە.