وادەی ناردنی 400 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم ئاشكراكرا

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد دەڵێت، “بەغداد ڕێكاری ئەملا و ئەولا دەبینێتەوە بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم، كە بریتین لە بابەتی سولفە و بابەتی قەرز ئەمانەش پێویستی بە رێكاری یاسایی و ئیداری هەیە تا تەواو بكرێت یان لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ناردنی بدرێت”.

فارس عیسا كە قسەی بۆ دەنگی ئەمریكا كردووە راشیگەیاند، “رۆژی چوارشەممە رێكارەكانی ناردنی 400 ملیارەكە كۆتاییپێهات و تەواومان كرد بۆ ژمارە حساب لە بانكی ڕەشید و لە بانكی رافیدەین و دوو گرێبەستی نێوان وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ هەردوو بانكەكان واژووكراون لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو 400 ملیارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ” لەبەرئەوەی پێشتر هەندێك بڕیاری توند دژی خەڵكی كوردستان دراون لەوانە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی كە بە بۆچوونی ئێمە بڕیارێكی سیاسی بووە، وا حساب دەكەین تۆزێك بۆ ئەوان قورسە ئەم بڕیارە تێپەڕێنن”.