نرخی گواستنەوەی کاڵا هەرزان دەبێت

ئا: زریان محەمەد

نرخی گواستنەوەی کەلوپەل‌و خۆراک‌و پێداویستیەکان لەئێستادا هەرزان بووە بەراورد بەکاتی بڵاو بونەوەی کۆرۆنا، بازرگانێکیش دەڵێت “دابەزینی نرخی کرێی گواستنەوە کاریگەری دەبێت لەسەر نرخی کاڵاو خۆراک بۆ هاوڵاتیان”.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆ کاری گواستنەوە، كاروان حەکیم بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند نرخی کرێی گواستنەوە بەراورد بەدەستپێکی کۆرۆناو سەردەمی کەرەنتین لەجیهانداو دوای دەستپێکردنەوەو ئاسایبونەوەی ژیان، لەئێستادا بەڕێژەی لە سەدا ۸٠ نرخی گواستنەوە هەرزان بووە، ئەو وتی “نرخی گواستنەوەی باخیرە لەمانگی دەو یانزەدا لەوڵاتی چین هەرزان بوو، حاویەی ٤٠ فوتی گەشتبوە ۱۷٠٠ دۆلارو لەسەرەتای مانگی یانزە نرخ گران بۆوە بۆ ۳٠٠٠ هەزار دۆلار، بەڵام چەند هەفتەیەکە دابەزیوە بۆ ۲۲٠٠ دۆلار لەچینەوە بۆ بەندەری ئوم قەسر یان بەندەر عەباس، لەڤێتنام‌و تایلەندیش بەهەمان نرخەو لەئەمریکای باشور نرخی حاویە گوستنەوەی گران ببوو بۆ ٦٠٠٠ هەزار دۆلار، بەڵام ئێستا نرخەکەی هەرزان بووە بۆ ٤٠٠٠ هەزار دۆلار هەتا مێرسین، بەڵام نرخی گواستنەوە لەناوخۆدا وەک خۆیەتی”.

وتیشی “نرخی گواستنەوە لەوڵاتی هندستانەوە بۆ بەندەر عەباس یان ئوم قەسر لەماوەی ڕابردودا بەرزبۆوە هەتا ۱٥٠٠ دۆلار، بەڵام لەئێستادا نرخەکەی هەرزانبووەو لەخوار ۱٠٠٠ دۆلارەوەیە، دابەزینی ئەم نرخانەش بێگومان کاریگەری هەیە لەسەر هەرزان بونی کاڵاو شتومەک لەبازاڕدا”.

بازرگانێک هەرزان بونی نرخی گواستنەوە بەهۆکارێک دەزانێت بۆ دابەزینی نرخی خۆراک‌و پێداویستیەکان‌و پێیوایە هەر گۆڕانکاریەک لەکاری بازرگانیدا جیاوازی لەنرخدا دروست دەکات، ئەگەر کرێی هاتوچۆ گران بێت ئەوە نرخیش گران دەبێت، ئەگەر هەرزان بێت ئەوا نرخیش هەرزان دەبێت”.

هاوبیر بورهان، خاوەنی کۆمپانیای “ئارسان کراون” بۆ کاری بازرگانی گشتی لەشاری سلێمانی بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند “کاری بازرگانی بەردەوامی هەیە لەشاری سلێمانی‌و توانیومانە پەیوەندیەکی بەهێز دروستبکەین لەگەڵ تەواوی کۆمپانیاکانی جیهان هەر لەوڵاتانی دراوسێ‌و وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە بەردەوام هاوردەکردنی کاڵا خۆراکیەکانمان لەڕێگەی گواستنەوەی وشکانی‌و ئاویەوە دەهێنینە کوردستان، گران بوون‌و هەرزان بوونی کرێی گواستنەوە کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر نرخی خۆراک‌و کاڵاکان”.

ڕاشیگەیاند “لەسەردەمی سەرهەڵدانی کۆرۆناو دەستپێکردنی کەرەنتینە کردن لەجیهاندا نرخی گواستنەوەی کاڵاکان بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بەرزبۆوە کە ئەوەش کاریگەری تەواوی کرد بووە سەر نرخ، بەڵام خۆشبەختانە لەگەڵ ئاسایی بونەوەی رەوشی جیهان‌و کەمبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخەکانی گواستنەوەش ئاسایی بۆتەوە”.

هاوبیر ئاماژەی بەوەش دا نرخی گواستنەوە تاکە هۆکار نەبووە کە نرخ لەناوخۆدا گران بکات، بەڵکو لەئێستادا لەتەواوی ئەوروپادا نرخ گران بووە بەهۆی کەمبونەوەی ماددە سەرەتاییەکان‌و گران بوونی سوتەمەنی‌و زیادبونی کرێی دەستی کار، ئەو وتی “ئەم هۆکارانە وا دەکات پێداویستیەکان بەگران بگات بەدەست ئێمەو لەبازاڕیشدا گران دەبێت، بەڵام هەندێک خۆراک‌و پێداویستیش هەیە نرخەکانی گران نەبووەو لەبازاڕەکاندا دەفرۆشرێت”.

وتیشی “دەبێت کار بکرێت بۆ پشتیوانی کردنی بازرگانان لەلایەن حکومەتەوە تا بتوانن کارگە لەناوخۆدا دروست بکەن‌و ئەو بەرهەمانەی هاوردەی دەکەن لێرە دروست بکرێت‌و پشت بەتوانای ناوخۆیی‌و بەرهەمە سەرەتاییەکان ببەسترێت بەو مەرجەی حکومەت پشتیوانی تەواو بکات لەوەی گومرگ لەسەر بەرهەمە هاوردە کراوەکان زیاد بکات تا بتواندرێت دەرفەتی کاری زۆر لەناوخۆدا بڕەخسێنین‌و پارە نەڕواتە دەرەوە”.

ئەمە لەکاتێکدایە خاوەن مارکێت‌و دوکاندارەکان لەگرانی نرخی بەرهەمەکان نیگەرانن، داواش دەکەن هەوڵەکان بۆ پارێزگاری کردن لەنرخ‌و کەمکردنەوەی نرخ بەردەوامی هەبێت.

ئەردەڵان ئەحمەد، خاوەنی مارکێت لەشاری سلێمانی لەمبارەوە وتی “بەردەوام لەدوای کۆرۆناوە نرخی زۆربەی کاڵاکان لەبەرزبونەوەدا بووە، هەندێکیان شوێنی خۆیان گرتووەو هەندێکیشیان نرخەکانیان هەرزان بۆتەوە، بەڵام هاوڵاتیان ئەوەی پێویستیان پێیەتی دەیکڕن، هەندێک شتیشیان کەمکردۆتەوە، لەئێستاشدا بەگشتی بازاڕ لەڕوی نرخەوە جێگیر بووە، چونکە بەرزبونەوەی کاڵاکان جیهانیە بەتەنها لێرە نەبووە”.

وتیشی “لەدوای کۆرۆناو کەرەنتیکردن بەشێکی زۆری کارە بازرگانی‌و پیشەسازیەکان خاو بوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی کە ئەوەش بوە هۆی کەمی پێداویستی، لەئێستاشدا تەواوی سێکتەرەکان دەستیان بەکارکردن کردۆتەوە تائێستاش کاریگەریەکانی کۆرۆنا لەسەر کاری بازرگانی‌و پیشەسازی بەتەواوی بنبڕ نەبووە”.