نرخی نەوتی برێنت گەیشتە سەروی 130 دۆلار

ئەمڕۆ دوشەممە 7ی ئازاری 2022، نرخی نەوت لەجیهاندا بەڕێژەی 10.38% بەرزبوەوە و نرخی نەوتی برێنت بە 130.37 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەوەش بەرزبونەیەوەیەکی بەرچاوی بەهای وزەیە دوای ئەوەی هەفتەی رابردو نرخی بەرمیلێک نەوت بە 93 دۆلار بوو.

ئاوێنە: ئەمڕۆ بەهای نەوت لەبازارەکانی جیهان گەیشتە بەرزترین ئاست لە 14 ساڵی رابردودا، بەجۆرێک  نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت  10.38% بەرزبوەوە و ئێستا بە 130.37 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هه‌روه‌ها نه‌وتی خاوی تێكساسیش 10.59% بەرزبوەوە و بە 126.27 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هۆکاری سەرەکی بەرزبونەوەی نەوت بۆ دواکەوتنی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران دەگەڕێتەوە کە بڕیاربو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر تاران هەڵیان بگرن، یەکێک لەو سزایانەش کە لەسەر تاران لادەبرێت قەدەغەی فرۆشتنی نەوتەکەیەتی لەبازارەکانی جیهان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە گفتوگۆکانی ڤییەننا بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، روسیا داوای گەرەنتی کردوە کە سزاکانی سەر مۆسکۆ بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا، زیان بە پەیوەندی بازرگانییەکانیان نەگەیەنێت لەگەڵ تاران، هەروەها چینیش داواکاری نوێی هەبوە، بەوهۆیەش پرسی لابردنی سزاکان دواخراوە.

هاوکات هۆکارێکی دیکەی بەرزبونەوەی بەهای نەوت بۆ بەردەوامی گرژییەکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی گفتوگۆکانی هەفتەی رابردوی نێوان هەردو وڵات بێ ئەنجام کۆتایی هات و وڵاتانی رۆژئاواش سزای توندیان بەسەر روسیادا سەپاندوە.