نرخی نەوتی برێنت بۆ سەرووی 75 دۆلار بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە یەکەم رۆژی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا بەرزبووەوە، هەروەها نرخی زێڕ بەڕێژەی 0.2٪ و بۆ نزیکەی 1974 دۆلار دابەزی.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ رەواندنەوەی نیگەرانییەکان لەسەر سێکتەری بانکی و دارایی.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 27-3-2023، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 33 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 75 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 39 سەنت بەرزبووە و بە 69 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

جگە لە کەمبوونەوەی نیگەرانییەکان لەسەر سێکتەری دارایی و بانکیی جیهان، لێدوانەکانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەروەها یەکێکی دیکە بووە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

پووتین رایگەیاندووە کە بۆمبی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیر دەکات و بەو هۆیەشەوە مەترسی جیۆسیاسی لە بازاڕەکانی جیهان سەری هەڵداوە.

نرخی نەوتی برێنت هەفتەی رابردوو توانی بەڕێژەی 2.8٪ بەرزببێتەوە و نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش لەو هەفتەیەدا بەڕێژەی 3.8٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

نرخی زێڕ بەڕێژەی 0.2٪ و بۆ نزیکەی 1974 دابەزی

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەڕێژەی 0.2٪ دابەزی و بە 1974 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی داهاتوودا بەڕێژەی 0.4٪ دابەزی و بە 1994 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی نرخی زێڕ هەروەها هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکەدا.

دوای ئەوەی هەندێک لە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاند کە بانکەکە دەتوانێت لانیکەم دووجاری دیکە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە بۆ ئەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا نزیکبێتەوە لەو رێژەیە کە مەبەستیانە، بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا بەرزبووەوە.

بەهای دۆلار و نرخی زێڕ پەیوەندی پێچەوانەیان هەیە و لە کاتی دابەزینی بەهای دۆلار نرخی کاڵا و کانزاکان دادەبەزێت.

هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ توانی ئاستی هەستیاری 2000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕێنێت.

نیگەرانی لە تەندروستی کەرتی دارایی و بانکی لە ئەمریکا وەبەرهێنەرانی وا لێکرد کە روو لە کڕینی زێڕ بکەن.

هەرچەندە نیگەرانی لە کەرتی بانکی هێشتا بە تەواوەتی نەڕەواوەتەوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و ئەوروپا دڵنیاییان داوە کە رێگری دەکەن لە سەرهەڵدانی قەیرانی بانکی و یارمەتی بانکەکان دەدەن بۆ ئەوەی رووبەڕووی هیچ مەترسییەک نەبنەوە.