مامەڵەی ئۆتۆمبێل لەسەرەتای ئەمساڵەوە خاوبۆتەوە

ئا:زریان محەمەد

مامەڵەکارانی بازاڕی ئۆتۆمبێل لەشاری سلێمانی ئاماژە بەخاوبونەوی بازاڕ دەکەن، کڕین‌و فرۆشتن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، کاریگەری بەرزبونەوەی دۆلار بەرامبەر بەدینار بەهۆکارێکی تر ناودەبەن فرۆشتن بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

ئەردەڵان ئەحمەد، مامەڵەکارێکی ئۆتۆمبێل لەناو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلی سلێمانی دەربارەی بازاڕی ئۆتۆمبێل بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” دەڵێت “بەگشتی بازاڕ زۆر خراپە لەسەرەتای ئەمساڵە مامەڵە کردن وەستاوە، ئەو جوڵەیەی هەشە تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە نرخیان لەنێوان دە هەزار دۆلار تا پانزە هەزار دۆلارە، کە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەش لەئێستادا بازاڕیان خاوبۆتەوە”.

دەشڵێت “بەرزبونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری زۆری لەسەر بازاڕ دروستکردووە، بەو پێیەی هاوڵاتیان کە دەیانەوێت ئۆتۆمبێل بکڕن خەڵکی کاسبکارو موچەخۆرە، هەموشیان پارەیان بەدینار پێیە ئەو دینارەی ئێستا دەیانەوێت ئۆتۆمبێلی پێبکڕن کەمتر دەکات لەوەی بۆیان داناوە، بۆیە دڵنیا نین لەبازاڕو خەڵک ترساوە لەوەی کە ناجێگیریی دۆلار دیار نییە بەرەو نزم بون دەڕوات یان زیاتر دادەبەزێت”.

ئەو مامەڵەکارەی ئۆتۆمبێلە جەخت لەوەدەکاتەوە “بەگشتی نرخی ئۆتۆمبێل گران بووە ئەوەش لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە لەو وڵاتانەی ئۆتۆمبێلی لێوە هاوردە دەکرێت گران بووەو نرخیش لەناو پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەهەرێمی کوردستان بەرزبۆتەوە، بەنمونە لەئۆتۆمبێلێک کە پێشتر نرخەکەی دە هەزار دۆلار بوو بێت ئێستا بووە بە ۱۲ هەزار دۆلارو هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک نرخی بەرزبۆتەوە، نرخی گومرگ‌و رسومات زیاتر بووە لەکاتی هاوردە کردنی ئۆتۆمبێلدا، بۆیە بازرگانان نرخیان لەسەر گرانتر دەبێت”.

هاوکار سالار، مامەڵەکاری ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی ئەمریکی لەدوبەی بۆ کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” وتی “بازاڕ بەتەواوی خاوبۆتەوە و مامەڵەکردن ڕاوەستاوە وە هیچ بەرچاو ڕونیەک بۆئایندە نیە نازاندرێت نرخی دۆلار بەرزتر دەبێتەوە یان دادەبەزێت لەئێستادا هاووڵاتیان خواستیان لەسەر ئۆتۆمبێل کڕین و فرۆشتنیش نیە هیچ ئاڵوگۆڕێکیش نییە”.

وتیشی” ساڵی ڕابردوو بازاڕی ئۆتۆمبێل بەراورد بەم کاتە زۆرباشتربوو نرخی ئۆتۆمبێل هەرزانتربوو، کڕینی ئۆتۆمبێل لەووڵاتنی ئەوروپا و دوبەی گرانتربووە بازرگانان ترسیان لەکڕینی ئۆتۆمبێل هەیە وە قەلەقی لەبازاڕداهەیە بەهۆی جێگیر نەبونی نرخی دۆلار”.

بەشێک لەهاوڵاتیان بەهۆی ناجێگیری دۆلارەوە تا ئێستا پارەکانیان دیناری عێراقیەو نایانەوێت بیکەن بەدۆلار، چونکە نرخی جێگیر نییە بەمەش ناتوانن ئۆتۆمبێل بکڕن.

سامان محەمەد، لەناو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل کە سەرقاڵی کڕینی ئۆتۆمبێل بوو بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” وت “ماوەی چەند ڕۆژێکە هاتووچۆی پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەم، بەڵام بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل‌و بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار نەمتوانیوە هیچ ئۆتۆمبێلێک بکڕم، من پارەکەم بەدینارە، پێش ئەوەی دۆلار بەرزبێتەوە دینارەکەم دوانزە هەزار دۆلاری دەکرد واتا دەفتەرێک‌و ۲٠ وەرەقە، بەڵام ئێستا ئەو دینارە دە هەزار دۆلار دەکات، واتا دوو هەزار دۆلار کەمتر کەواتە من لەم کاتەدا ناوێرم ئۆتۆمبێل بکڕم‌و پارەی دیکەشم نیە زیادی بکەم”.

وەستایەکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل ئاماژە بەوە دەکات لەئێستادا هاوڵاتیان گرنگی بەچاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان دەدەن‌و ئەو کەموکوڕیانەی هەیانە چاکی دەکەنەوەو ئۆتۆمبێلەکانیان ناگۆڕن.

وەستا دانا، لەناوچەی پیشەسازی سلێمانی کە سەرقاڵی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە وتی “لەسەرەتای ئەمساڵەوە هاوڵاتیان زیاتر سەردانمان دەکەن‌و پێشی ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەنەوەو پارچەکانی دەگۆڕن‌و نۆژەنی دەکەنەوە، هەندێک لەو خاوەن ئۆتۆمبێلانە کە دێن بۆ لامان دەڵێن بەتەما بووین ئۆتۆمبێلەکانمان بگۆڕین، بەڵام ئێستا ئەگەر بیفرۆشین ئەبێت پارەی زیاتر بخەینە سەر بۆ کڕێنەوەی ئۆتۆمبێل، بەڵام هیچ بەرچاوڕونیەک نییە بۆ ئایندەی بازاڕو ئاڵوگۆڕی ئۆتۆمبێل، چونکە نرخی دۆلار نادیارە”.

نرخی ئۆتۆمبێل تەنها لەبازاڕەکانی کوردستان گران نەبووە، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا گران بووە، ئەوەش بەهۆکاری گرانبونی نرخی کەرەسەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل.