لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٤٥ هەزار کرێکار دەستەبەرکراون

لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵ تا ئێستا، هەشت هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان دەستەبەرکراون کە شەش هەزار و ٥٠٠ کرێکاریان خۆماڵیین و ئەوانی دیکەش کرێکاری بیانیین ئەمە لە کاتێکدایە کە لە وەرزی یەکەمی ساڵی رابردوودا، چوار هەزار و ٩٩٨ کرێکار تۆمارکرابوون کە بریتیی بوون لە چوار ھەزار و ٤٧٥ کرێکاری خۆماڵیی و ٥٢٣ کرێکاری بیانیی.

بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە گشتی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ لە هەرێمی کوردستان، ١٣٨ هەزار کرێکار دەستەبەرکراون، هەروەها مۆڵەت بە ١٩٧ کۆمپانیا دراوە کە کرێکاری بیانیی دەھێننە ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەو ژمارەیەدا تەنیا ٥١ کۆمپانیا کاران، ئەوانی دیکە یان راگیراون یان لە لیستی رەشدان.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی، نەزمی موسا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران، وتی: “هەر کەسێک تەمەنی لە سەرووی ١٥ ساڵییەوە بێت، دەتوانێت کار بکات و یاساکانی وەزارەتی کار لەسەری جێبەجێ دەکرێت، هەر کەسێک کە کاردەکات، بە چاودێری و سەرپەرشتی خاوەنکارێک بەرامبەر بە وەرگرتنی کرێیەکی دیاریکراو، گرێبەستێک لەنێوانیاندا دەبێت، بە گشتی ئەم گرێبەستە لە چوارچێوەی یاسای کاردا بریتییە لە شێوازی رێکخستنی پەیوەندی نێوان کرێکار و خاوەنکار”.

نەزمی موسا وتیشی: “خۆشبەختانە ساڵانە تۆمارکردنی کرێکاران بەرەو زیادبوون دەڕوات و پابەندبوونی خاوەنکارەکان بە رێنماییەکان زیاترە. لە ساڵی رابردوودا، بە گشتی ژمارەی کرێکارە دەستەبەرکراوەکان نزیکەی ١٣٨ هەزار کرێکار بوون، هاوکات لە سێ مانگی ئەمساڵدا، تا ئێستا هەشت هەزار کرێکار دەستەبەرکراون لەو ژمارەیەش شەش هەزار و ٥٠٠ کرێکار خۆماڵیین و ئەوانی دیکە بیانیین”.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی، نەزمی موسا ئاماژەی بەوەیش کرد کە دوای بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بوونی رێژەی سەدا ٧٥ی کرێکاری خۆماڵیی لە پڕۆژەکان، رێژەی دەستەبەرکردنی کرێکارانی خۆماڵیی بەرزبووەتەوە.

وتیشی: “دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەکرد کە دەبێت رێژەی کرێکارانی خۆماڵیی لە پڕۆژەکان سەدا ٧٥ بێت و نابێت رێژەی کرێکارانی بیانییش لە سەدا ٢٥ زیاتر بێت، ئەم بڕیارە بووە هۆی ئەوەی کە رێژەی کرێکارانی خۆماڵیی بەرزبێتەوە، بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەش، دوو لیژنەی پشکنینمان هەیە کە سەردانی مەیدانی بۆ پڕۆژەکان ئەنجام دەدەن، ئەمە جگە لەوەی کە مانگانە خاوەنکارەکان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی دەکەن بۆ ئەوەی پابەندییەکانی خۆیان لە دانی بەشداریکردنی کرێکارەکان بسەلمێنن”.

رۆژی یەکی ئایاری ھەموو ساڵێک بە رۆژی جیھانیی کرێکاران یان جەژنی کرێکاران ناسێندراوە، ئەمەش پەیوەستە بە رووداوێکی ١٣٧ساڵ لەمەوبەر کە تیایدا کرێکارانی شاری شیکاگۆ لە ئەمریکا داوای کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کاریان کرد و لەژێر دروشمی ‘ھەشت کاتژمێر کارکردن، ھەشت کاتژمێر پشوودان و ھەشت کاتژمێر خەوتن’، بەھەزاران کرێکار رژانە سەر شەقامەکان و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکاندا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا، ژمارەیەک کرێکار کوژران و دواتر بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە کۆنگرێسی ئەمریکا یەکی ئایاری وەک رۆژی کرێکاران بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و تیایدا داواکارییەکانی کرێکاران چەسپێنران و کاتژمێرەکانی کارکردن کەمکرانەوە.

ساڵانە لەم رۆژەدا لە عێراق، ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری وڵاتان پشووی فەرمییە و چەندین بۆنە و چالاکی جۆراوجۆر بۆ باشترکردنی ژیانی کرێکاران بەڕێوەدەچێت.