لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرەو زیادبوونە

لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی زۆر بووە و بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی گەرم کردووە.

ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە بە وزەی کارەبا کاردەکات بە بەراورد بە ئۆتۆمبێلی دیکە چەندین گۆڕانکاری تیادا کراوە و یەکێکیان بریتییە لە گۆڕینی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە و دانانی هێزی کارەبایی لە شوێنیدا کە وزەی پێویستی پێدەدات لە رێگەی پاتری کارەباییەوە.

ئێستا لە ھەرێمی کوردستان دەیان ئۆتۆمبێلی کارەبایی ھەن و ئەم ئۆتۆمبێلانە بە دۆستی ژینگە ناسراون بەهۆی ئەوەی لەکاتی کارکردن و رۆیشتیندا هیچ دەردراوێکیان نییە لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لەو گرفتانەی رووبەڕووی ئەم ئۆتۆمبێلانە دەبێتەوە، بریتییە لە بارگاویکردن.

ئەوکەسانەی کە خاوەن ئۆتۆمبێلی کارەبایین پێویستە لە ماڵەوە بارگاوی بکەن و ئەمەش کاتێکی زۆری پێویستە کە نزیکەی ١٠ کاتژمێر دەخایەنێت و بەتەواو بارگاویبوون، توانای رۆیشتنی ٥٠٠ بۆ ٥٥٠ کیلۆمەتری هەیە.

لەئێستادا بۆ یەکەمجار کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لە شاری هەولێر، ئامێرێکی بارگاویکردنی خێرای لەبەردەم کۆمپانیاکە داناوە و هاووڵاتییان بەخۆڕایی دەتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان لەماوەی دوو کاتژمێردا بارگاوی بکەن، خاوەن ئۆتۆمبێلێکیش وێرای بەراوردکاری نێوان ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ئۆتۆمبێلی بەنزین، بە پێویستیشی دەزانێت کە وێستگەی بارگاوییکردنی خێرا لە سەنتەری شار و رێگاکانی دەرەوەی شار دابنرێت.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاوەر سۆلید، رێبەند محەمەد دەڵێت: “ئێمە لەسەر چارەسەرە کارەبایییەکان و وزە نوێبووەکان کار دەکەین، لەم باڵەخانە چوار نهۆمییەدا هیچ سەرچاوەیەکی کارەبا نییە، بەڵکو هەموو بە وزەی خۆر دابەشکراوە، ئێمە یەکەم کۆمپانیاین کە وێستگەی بارگاویکردنی خێرای سیستەمی (DC) (تەزووی نەگۆڕ)مان داناوە بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان کە لەماوەی دوو کاتژمێردا ئۆتۆمبێل بارگاوی دەکات”.

وتیشی: “ئەو بارگاویکردنەی تا ئێستا هەیە، سیستەمی (AC)(تەزووی گۆڕاو)وە و بۆ بارگاوییکردنی ئۆتۆمبێل پێویستیمان بە زیاتر لە ١٠ کاتژمێر هەیە، ئەوانەی پێشتر کە لە ماڵەوە بەکاری دەهێنن لە باشترین حاڵەتدا دەتوانن هێزی حەوت کیلۆوات لە کارەبای ماڵەکانیان وەرگرن و بیدەن بە بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلەکە، بەڵام ئەو بارگاوییە خێرایە هێزی ٤٠ کیلۆوات دەدات و ئەگەر پاترییەکەی زۆر گەورەبێت لەماوەی دوو کاتژمێردا بەخۆڕایی و بێبەرامبەر بارگاوی دەبێت”.

رێبەند محەمەد ئاماژە بەوەش دەکات کە لەئێستادا، چەندین کۆمپانیا سەرقاڵی توێژینەوەن بۆ ئەوەی چۆن بتوانن وێستگەی خێرای بارگاویکردن لە چەند شوێنێک دابنێن و دواتر ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن و وتیشی: “ئەم ئۆتۆمبێلانە زۆر گونجاون، گزۆز و بزوێنەریان نییە، هەروەها هیچ دەردراوێکیشیان نییە، دۆستی ژینگەن. لەئێستاشدا لەگەڵ چەندین کۆمپانیا دانیشتووین کە ئامانجیان ئەوە بووە ئەم وێستگانە لە شوێنەکان دابنێن و لەبەرامبەریشدا ئۆتۆمبێلی کارەبایی هاوردە بکەن”.

بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان بۆ بارگاویکردن کاتێکی زۆریان پێویستە، بۆیە خاوەن ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە رێگای گرووپێکی واتسئاپەوە یەکتر ئاگاداردەکەنەوە لە چوونیان بۆ وێستگەکە بۆ ئەوەی جەنجاڵی دروست نەبێت، خاوەنی ئۆتۆمبێلێکیش ئاماژە بەوە دەکات کە وێرای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان دۆستی ژینگەن و لە رووی ئابووریشەوە هیچ خەرجییەکیان نییە، ئەوەش دەخاتەڕوو کە نەبوونی وێستگە لە سەنتەری شار و رێگاکانی دەرەوە گرفتێکی بەردەم بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلەکانیانە.

خاوەن ئۆتۆمبێلی کارەبایی، جەمال محەمەد دەڵێت: “زیاتر لە یەک ساڵە ئەم ئۆتۆمبێلەم لەلایە، ئەم ئۆتۆمبێلانە بەراورد بە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە جیاوازییەکەیان بە دوو شێوازە، شێوازێک ئەوەیە کە کارکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە هەمووی بە وزەی کارەبایە، شێوازەکەی دیکە بابەتی ئاسوودەیی و پیسنەکردنی ژینگە و بێدەنگیانە، لێخوڕینی جیاوازە و زۆر خێرا و ئاسوودەبەخشە بەراورد بە ئۆتۆمبێلی دیکە”.

جەمال محەمەد لەبارەی ئەو کێشە و گرفتانەی کە رووبەڕووی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەبنەوە، وتی: “لەماوەی رابردوودا بە پلە یەک ئەو گرفتانەی رووبەڕوومان بووەتەوە بابەتی بارگاویکردنە بە تایبەت لە میانی گەشتکردنمان بۆ رێگا دوورەکان، خۆشحاڵین کە ئەم کۆمپانیایە بارگاویکردنی خێرای داناوە و بە کاتێکی کەم ئۆتۆمبێلەکانمان بارگاوی دەکەینەوە، ئەگەرنا لە رابردوودا لە ماڵەوە ئۆتۆمبێلەکانمان بە کاتێکی زۆر زیاتر بارگاوی دەکرد، بەجۆرێک دەبووایە شەوانە بارگاوی بکەین تا بەیانییەکەی ئینجا تەواویش بارگاوی نەدەبوو، گرنگ ئەوەیە رۆژانە دەبێت خۆت بگونجێنیت لەگەڵ ئەو بڕە بارگاوییەی کە هەیە”.

وتیشی: “لە رووی پێکهاتەی تەکنیکی و میکانیکییەوە، ئەم ئۆتۆمبێلانە کەمتر تووشی پەککەوتن دەبن، چونکە بزوێنەر و گێڕبۆکسیان نییە، هەروەها فیول پەمپ و ئەو گرفتانەیان نییە، پەککەوتنەکەیان ئەوەیە کە ئەگەر لە رووداوێکدا تووشی ببێت و پێویستیت بە پارچەی ئۆتۆمبێلەکە بێت، ئەگەرنا هەموو پەککەوتنەکانیان بە سۆفتوێر چارەسەر دەبێت”.

بەکارھێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سەرانسەری جیھاندا جیاوازە، چونکە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی پەیوەستە بە خواستی بەکاربەران و بەردەستبوونی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلەکە، لەئێستاشدا لە سەرانسەری دونیا ھەنگاو بە ھەنگاو خەریکی کۆتاییھێنانن بە ئۆتۆمبێلی بزوێنەردار و لە ھەوڵی ئەوەدان کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی شوێنی ئۆتۆمبێلی بزوێنەردار بگرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەک لەم جۆرە ئۆتۆمبێلە هەیە. خاوەن پێشانگایەکی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستادا خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی زۆرە.

لەمبارەیەوە خاوەنی پێشانگای بێجان، محەمەد روبەیعی رایگەیاند: “جۆرەکانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی زۆرن، لەئێستاشدا بەهۆی گرفتی بەنزین و کێشەکانی دیکەی ئۆتۆمبێلی بزوێنەردار، خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی زۆرە، ئەم ئۆتۆمبێلانەش چەند جۆرێکیان هەیە کە هەر جۆرە و وڵاتێک بەرهەمیهێناوە”.

محەمەد روبەیعی لەبارەی نرخی ئۆتۆمبێلی کارەبایی وتی: “نرخەکان جیاوازن، بەڵام ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەراورد بە ئۆتۆمبێلی بزوێنەردار گرانترە، بەجۆرێک ئێمە زیاتر ئۆتۆمبێلی دروستکراوی ئەڵمانیا هاوردە دەکەین کە نرخیان نزیکەی ٣٤ بۆ ٣٥ هەزار دۆلارە”.

وتیشی: “لە ماوەی ئەمساڵدا، ٥٦ ئۆتۆمبێلی کارەباییمان هاوردە کردووە، ئێستا تەنیا ١٢ ئۆتۆمبێلمان ماوە، خەڵک خواستێکی زۆری لەسەرە، تا ئێستا هیچ کەسێک نەهاتووەتەوە کە ئۆتۆمبێلەکەی کێشەی هەبووبێت یان لە رووی دەستکەوتنی پارچەکانییەوە کێشەی هەبووبێت و بە نیازین لە داهاتووشدا قەبارەی هاوردەکردنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە زیاد بکەین”.

لە هەرێمی کوردستان سێ جۆر ئۆتۆمبێل هەیە، جۆرێکیان ئۆتۆمبێلی بزوێنەردارە بە گاز یان بەنزین کار دەکات، جۆرێکی دیکە پێی دەڵێن هایبرێد کە تا خێرایی ٦٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە هێزی پاتری دەڕوات، جۆری سێیەمی ئەو ئۆتۆمبێلەیە کە بە کارەبا کار دەکەن و بزوێنەریان نییە، بەڵکو تەنیا بارگاوی دەکرێن و تەمەنی پاترییەکەیشیان نزیکەی ١٠ ساڵە.

سەرچاوە: ئاژانسی ئەنادۆڵ