لە كۆرمۆرەوە بەشەغازی سلێمانی كەمكراوەتەوە

ئەمساڵ چەند جارێكە لە هەرێمی كوردستان گرفتی كەمیی غازی ماڵان سەرهەڵدەدات، ‏چەند ڕۆژێكە دووبارە لە سلێمانی گرفتەكە سەریهەڵداوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی نەگەیشتووەتە ‏ئاستی قەیران.‏

ئالان جەمال، یەكێكە لە غازفرۆشەكانی سلێمانی، هۆكاری گرفتەكەی ئەمجارەی بۆ ئەوە ‏گەڕاندەوە، كە لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بەشەغازی سلێمانی كەمكراوەتەوە، پێشتر ڕۆژانە ‏غاز دەنێردرا، بەڵام ئێستا تەنها دوو ڕۆژ لە هەفتەیەكدا بەشەغازی سلێمانی دەنێردرێت.‏

غازفرۆشەكەی سلێمانی وتی، لەئێستادا لە هەفتەیەكدا هەر غازفرۆشێك تەنها 80 غازی ‏پێدەدرێت، تەنها دوو ڕۆژ لە هەفتەكەدا غازیان پێدەدرێت و ڕۆژی 40 غازیان دەدرێتێ، ‏بۆیە گرفتەكە دروستبووە.‏

ئالان ڕەخنەی ئەوەی هەبوو، كە لە ڕێژەی ناردنی غاز بۆ سلێمانی حسابی هاوین ‏دەكرێت، لەكاتێكدا لە وەرزی سەرما و زستاندا غازی زیاتر لەلایەن هاوڵاتییانەوە ‏بەكاردەهێنرێت.‏

سەرەڕای دروستبوونی گرفتی غازی ماڵان، بەڵام تا ئێستا نرخەكەی بەرزنەبووەتەوە و ‏هەر بە 8 هەزار و 500 دینارە.‏