لە سلێمانی 70 دەرچووی گەشتوگوزار لە كەرتی تایبەت دادەمەزرێن

لە دوای بڕیارێكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، لە سلێمانی كۆنفرانسێك و خولێكی تایبەت بە دەرچووانی گەشتوگوزار كرایەوە بۆ راهێنان و فێركردنیان لە بواری گەشتیار و گەشتوگوزار، دواتر بڕیار درا دەست بە دامەزراندنی ئەو كەسانە بكرێ كە دەرچووی بەشی گەشتوگوزارن.

بەپێی ئامارێك، لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە هەزار و 500 شوێنی گەشتیاری هەیە، بە هۆتێل و مۆتێل و كۆمپانیا و نووسینگەكان و شوێنە گەشتیارییەكان و پڕۆژەكان، هەزار دەرچووی گەشتوگوزار لە سنوورەكە خوێندنیان تەواو كردووە.

ئارام شوانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی، وتی، بڕیار لەسەر دامەزراندنی دەرچووانی بەشی گەشتوگوزار دراوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەزار دەرچوویان هەیە، بەپێی بڕیارەكە كە وەزارەت دەریكردووە و بەمزووانە فەرمانی پێ دەردەكات، لە هەر شوێنێكی گەشتیاری پێویستە 30%ی كارمەندەكانیان دەرچووی گەشتوگوزار بن، ئەوانەی دادەمەزرێن راهێنانیان پێ دەكرێت و بەپێی ئاستی شارەزایی لەو شوێنانە دادەمەزرێن.

ئەو هەروەها وتی، لە چەند رۆژی رابردوودا كۆنفرانسێك بۆ دەرچووانی گەشتوگوزار كرا لە سلێمانی، راهێنان لە بواری تیۆری و كردەنییان پێ كراوە و بڕوانامەی بەشداریكردنیان پێ دراوە، ئەو دەرچووانە لە پڕۆژە گەشتیارییەكان دادەمەزرێن كە هۆتێل و مۆتێل و كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەكان و پڕۆژە گەشتیارییەكان دەگرێتەوە.

عەتا ئەنوەر بەرپرسی كۆمەڵەی كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەكان، راگەیاند، لە یەكەم قۆناغدا راهێنانی كردەنی و تیۆری بە دەرچووانی گەشتوگوزار كراوە و ژمارەیان زیاتر لە 70 دەرچووە، ئەوانە ئامادەن بۆ دامەزراندن لە شوێنە گەشتیاری و كۆمپانیا و پڕۆژە گەشتیارییەكاندا، هەر شوێنێكی گەشتیاری دەبێت 30% كارمەندەكانی لە دەرچووی گەشتوگوزار بن.

ئەو 70 دەرچووە راهێنانیان پێ كراوە، بڕیار دراوە هەر شوێنێك پێویستی بەكارمەند هەبوو، داوا لە گەشتوگوزار دەكات و گەشتوگوزاریش لەو كەسانەی راهێنانیان پێ كراوە بۆیان دەنێرن، نابێ كەسیتر دابمەزرێنن تا ئەو دەرچووانە مابن.

وەك زیاتر خستیە ڕوو، زیاتر لە هەزار و 200 دەرچووی گەشتوگوزار ناوی خۆیان تۆمار كردووە بۆ ئەوەی دوای راهێنان دامەزراندن بیانگرێتەوە، ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و بەو شێوەیە تا سەرجەمیان راهێنانیان پێ دەكرێت و لە كەرتی تایبەتی گەشتوگوزار دادەمەزرێن.

ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان،  راگەیاند، ئەو بڕیارە بۆ ئەوەبوو تا دەرچووانی گەشتوگوزار بتوانن لە كەرتی تایبەت و لە شوێنە گەشتیارییەكان دابمەزرێن، شوێنە گەشتیارییەكان پابەند كراون دەبێت دەرچووانی بەشی گەشتوگوزار دابمەزرێنن، بەشێك لە كارمەندەكانیان كە بۆیان دیاری كراوە، لە دەرچووی گەشتوگوزارن.

هەرێمی كوردستان لە كەرتی گەشتوگوزار پێش كەوتووە و ساڵانە بە ملیۆن گەشتیار كە زۆربەیان لە شارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقن، سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن. بە وتەی بەرپرسانی گەشتوگوزار، هەرێمی كوردستان بووەتە ناوچەیەكی گەشتیاری كە چوار وەرز گەشتیاران سەردانی دەكەن ، ساڵانەش ملیۆنان دۆلار داهاتی گەشتیاری هەیە كە راستەوخۆ بۆ خاوەنكار و پڕۆژەكان دەبێت.