لەژووری بازرگانی کۆبونەوەیەک سەبارەت بە بەرزبونەوەی نرخی خۆراک ئەنجامدرا

ئەمڕۆ لەبینای ژووری‌ بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەئامادەبوونی سیروان محه‌مه‌د، سەرۆکی ژوورو ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی‌و سۆران عه‌بدولغه‌فور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی‌و ژمارەیەک لەبازرگانان‌و سەرمایەداران‌و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگيری ژوور کۆبونەوەیەک سەبارەت بە بەرزبونەوەی نرخی خۆراک ئەمجامدرا.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سليمانی دەربارەی کۆبونەوەکە رایگەیاند ”شاری سلێمانی لەبازرگانی خۆراکدا پێشەنگە لەئێستادا، بۆتە ناوەندێکی گرنگ بۆ هەناردەکردنی کاڵاو شتومەکان بۆ ناوەڕاست‌و باشوری عێراق، ئەمرۆ ئەم کۆبونەوەیەمان ساز کرد، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو بارودۆخەی کە لەجیهان‌و عێراق‌و هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە، خۆشبەختانە بازرگانانی سلێمانی رایانگەیاند کە کۆگاکان پڕە لەکاڵاو هیچ مەترسیەکی بەرزبونەوەی نرخەکان لەئارادا نیە، لەئێستادا بەراورد بەپێشوو کاڵاو شتومەکەی زیاتر هاوردە دەکەن، لەئێستادا ٢ هەزار بارهەڵگر خۆراک‌و شتومەک بەرێگاوەن بەرەو شاری سلێمانی، کاڵاکان لێرەوە دەنێرین بۆ ناوەڕاست‌و باشوری عێراق، بۆیە دڵنیایی تەواو دەدەینە هاوڵاتیان هیچ مەترسیەک لەئارادا نیە”.

ئاماژەی بەوەش دا لەئێستادا تەنها کێشەی رۆن‌و زەیت هەیە هۆکاری ئەم کێشەیەش دەگەرێتەوە بۆ زۆری ڕۆتین لەمۆڵەتی ڕێگەدان بەهاوردەکردنی زەیت‌و رۆن لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە، داواکارین دەسەڵاتەکان دابەزێت بۆ بەرێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئەوان بتوانن مۆڵەت بدەنە بازرگانان ئەگەر ئەمە بکرێت لەپارێزگای سلێمانیەوە بەشی هەموو عێراق زەیت دابین دەکەین”.

سەرۆکی ژوور جەغتی لەوەش کردەوە کە ”بەڵێن دەدەین لەشاری سلێمانی کێشەی خۆراک سەرهەڵنەداو هەرگیز نا‌هێڵین هاوڵاتیان بێ خۆراک بن، گەنجینەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سليمانی دەتوانن بڕی ٢٠٠ هەزار تۆن کاڵاو خۆراک لەخۆبگرن، لەئێستادا پڕۆژەکە بڕێکی زۆر خۆراکی تێدایەو بڕیکی زۆریش لەڕێگادایە بەرەو سلێمانی”.

هەروەها ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەم بارەیەوە رایگەیاند ”سوپاس بۆ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سليمانی بۆ رێکخستنی ئەم کۆبونەوەیە لەگەڵ بازرگانان‌و ئەو کۆمپانیایانەی کە وەکالەتی خۆراکیان لەگەڵ کارگەو کۆمپانیا جیهانییەکان هەیەو خۆراک لەو وڵاتانەوە بۆ سلێمانی هاوردە دەکەن، ئێمە دڵنیایی دەدەین بەهیچ جۆرێک رێگری نابێت لەبەردەم هاوردەکردنی خۆراک‌و کاڵاکان، لەڕێگەی لیژنەکانمان‌و ئاسایشی ئابووریەوە بەردەوام بەدواداچون بۆ نرخی کاڵاو شتومەکان دەکەین، ئەمە بارودۆخێکی تایبەتەو تێدەپەڕێت، وەکو چۆن لەکاتی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهاوکاری لەگەڵ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی نەمانهێشت کێشەی نەبوونی خۆراک سەرهەڵبدات، توانیمان ئەو کێشانە چارەسەر بکەین کە سەریانهەڵدا”.

راشیگەیاند “هەر کەسێک ببێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخ، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەین‌و بەردەوام سەردانی بازاڕو ماركێت‌و دوکانەکان دەکەین، هەر کەسێک سەرپێچی بکات‌و نرخ بەبێ هۆکار بەرزبکاتەوە بەتوندی سزای دەدەین، بازرگانانیش بەڵێنیان پێداین بارگرانی لەسەر شانی هاوڵاتیان دروست نەکەن، ئێمە سوپاسیان دەکەین، دواکاریشین وەزارەتەکان‌و دەروازە سنورییەکان‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاری‌و کارئاسانی بۆ بازرگانان بکەن کە کاڵا هاوردە دەکەن”.