سلێمانی لەبواری وەبەرهێناندا یەكەمی سەر ئاستی عیراقەو لە 19 ساڵی رابردوودا (370) پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە و زۆرترین پڕۆژەش لەو ژمارەیە لە ساڵی 2023 دابووە كە (53) پڕۆژەیە، گەشە و پەرەپێدانی كەرتی وەبەرهێنانیش سلێمانی گەیاندە پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان.
زۆرترین پڕۆژە لەساڵی 2023 دا ئەنجامدراون
لەبارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە سلێمانی و بەها و تێچوویان، دەركەوت لە ساڵی 2004 تا 2023 تەنیا لە سلێمانی 370 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوەو كەمترین پڕۆژە لە ساڵی 2017 دابووەو زۆرترین پڕۆژەش لەساڵی 2023 دابووە كە 53 پڕۆژەیە.
بەپێی ئامار و داتای رەسمی وەبەرهێنانی سلێمانی ، ئەو 370 پڕۆژە مۆڵەتپێدراوانە بەهاكەی ( 39 ملیارو 957 ملیۆن و 813 هەزار و 408 دۆلار)ە.
پڕۆژەكان بەسەر 8 سێكتەردا دابەشبوون
لەماوەی ئەو 19 ساڵەدا زۆرترین پڕۆژە لەساڵی پار 2023 دا بووە، كە 53 پڕۆژەیە بە بەهای (21 ملیار و 280 ملیۆن و 437 هەزار و 64 دۆلار) كە پڕۆژەكان بەسەر 8 سێكتەری جیاوازدا دابەشكراوە كە بەمجۆرەیە:
یەكەم : 30 پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە بەهای 2 ملیار و 429 ملیۆن و 680 هەزار و 900 دۆلار.
دووەم: 5 پڕۆژەی پیشەسازی بە بەهای 51 ملیۆن و 963 هەزار و 650 دۆلار.
سێیەم: 2 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە بەهای 13 ملیۆن و 954 هەزار و 875 دۆلار.
چوارەم: 1 پڕۆژەی گەشتیاری بە بەهای 1 ملیۆن و 666 هەزار و 600 دۆلار.
پێنجەم: 8 پڕۆژەی بازرگانی بە بەهای 48 ملیۆن و 450 هەزار و 200 دۆلار.
شەشەم: 4 پڕۆژەی تەندروستی بەبەهای 36 ملیۆن و 513 هەزار و 600 دۆلار.
حەوتەم: 2 پڕۆژەی فێركردن بەبەهای 15 ملیۆن و 660 هەزار و 600 دۆلار.
هەشتەم: 1 پڕۆژەی كشتوكاڵی بە بەهای 5 ملیۆن و 170 هەزار و 395.
زۆرترین پڕۆژەی نيشتەجێبوون مۆڵەتی پێدراوە
بەگوێرەی داتا و زانیاریەکانی وەبەرهێنانی سلێمانی ، لە ساڵی 2023 دا زۆرترین پڕۆژەی نيشتەجێبوون مۆڵەتی پێدراوە، كە 30 پڕۆژەیە و كەمترین پڕۆژەی مۆڵەتپێدراویش بۆ كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیارییە كە بۆ هەریەكێكیان مۆڵەت بە یەك پڕۆژە دراوە.
لەو 53 پڕۆژەیە كە بەهاكەیان (21 ملیار و 280 ملیۆن و 437 هەزار و 64 دۆلار) 57% بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوونەو 15% بۆ بازرگانی و 9% بۆ پیشەسازی و 7% بۆ تەندروستییە، 4% بۆ خزمەتگوزاریی، 4% بۆ فێركردن، 2% بۆ كشتوكاڵ و 2% دیكەش بۆ گەشتیارییە.
قوباد تاڵەبانی ئاستی وەبەرهێنانی بەرزكردەوە
بەراورد بە 19 ساڵی رابردوو لە ساڵی 2023 دا زۆرترین وەبەرهێنان لەپارێزگای سلێمانی ئەنجامدراون، ئەمەش بۆ هەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.
ئەندازیار عەزیز سەعید رەشید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی رایگەیاند: “ئەم ئاستە بەرزەی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی، كەلە ساڵی رابردوودا لەگەڵ زۆربەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگاكە كۆبووەوەو بە ئاشكرا پێی راگەیاندن كە چیتر قبوڵی ناكات كێشەو ئاستەنگ و رۆتینی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران دروستبكرێت، پێچەوانەوە بەپێی یاسا و توانا، چەند دەتوانرێن هاوكاری وەبەرهێنەران بكرێت”.
“ئەو بەخشینەی كە وەبەرهێنەران لەكاتی وەرگرتنی پڕۆژەكانیاندا وەریدەگرن لەبەرامبەردا خاوەن پڕۆژەكان خزمەتگوزاری ئەنجام دەدەن، ئەمەش هەنگاوێكی نوێیە كە پارێزگاكە لە خزمەتگوزاریدا زیاتر دەباتە پێشەوە و 19 هەزار هەلی كاریشی رەخساندووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كۆمپانیایانەی پڕۆژەكانیان وەرگرتووەو وەبەرهێنان دەكەن 75% یان كۆمپانیای خۆماڵین، ئەمە جگە لەوەی كەلە ساڵی رابردوودا لەرێگەی ئەو وەبەرهێنانەوە راستەوخۆ زیاتر لە 19 هەزار هەلی كار رەخسێنراوەو ناڕاستەوخۆش زیاتر لە 10 هەزار كەس سودمەند بوون”، ئەندازیار عەزیز سەعید وایوت.
بۆ سلێمانی ساڵی 2023 ساڵی وەبەرهێنان بوو
بەپێی ئامارەكان ئەو كارانەی لەبواری وەبەرهێناندا لە دوو ساڵی رابردوودا لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامدراون كاریگەری گەورەی لە سەر ژێرخانی ئابوری پارێزگاكە دروستكردووە، ئەمەش لەكاتێكدایە،ساڵی 2022 ش، پارێزگای سلێمانی لە وەبەرهێناندا هەر یەكەمی پارێزگاكانی عیراق بووەو خاوەنی 39 پڕۆژەی وەبەرهێنان بووە، بەڵام لە ساڵی 2023 دا لەگەڵ ئەوەی هەر لە پلەی یەكەمدا لەسەر ئاستی عیراق ماوەتەوە، بەڵام 14 پڕۆژەی وەبەرهێنانی لە ساڵی رابردوو زیاتر بووە.
بەسوپاسەوە وەرگیراوە لە:PUKMEDIA