لەبینای پێشەنگای نێودەوڵەتی سلێمانی فیستیڤاڵی بەھار بەڕێوەدەچێت

د.سەلام عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری گشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت “لەڕۆژانی (٩ تاکو ١٨) مانگی سێ، لە بینای پێشەنگای نێودەوڵەتی سلێمانی فیستیڤاڵی بەھار بەڕێوەدەچێت، کە ھاوڵاتیان دەتوانن سەرجەم پێداویستییەکانیان لە فیستیڤاڵی بەھار بکڕن”.

بەڕێوبەری گشتی ژوور لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “ئەمە پێنجھەمین ساڵە کە فیستیڤاڵی بەھار بەسەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە لایەن کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل ساز دەکرێت، ھیوادارین سەرجەم ھاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی سود لەم فیستیڤاڵە وەربگرن، جێگەی خۆشحاڵییە کە ھەموو ساڵێک فیستیڤاڵی بەھار پێشەکەوتن و گەشەکردنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت”.

ڕاشیگەیاند “ئامانج لە سازدانی فیستیڤاڵی بەھار، فرۆشتنی بەرھەم و کاڵاکانی کارگە و کۆمپانیاکانی سنوری پارێزگای سلێمانییە، کە لە ئێستادا چەندین کۆمپانیا لەسەر ئاستی ھەرێم کوردستان و عێراق بەشدارن، کاڵاکانیان بە دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی دەناسێنن”.

ئاماژەی بەوەشدا، فیستیڤاڵی بەھار لە کاتێکدا سازدەکرێت کە نزیکین لە جەژنی نەورۆز و مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، ھیوادارین ھاوڵاتیان سود لە ڤیستیڤاڵەکە وەربگرن و کاڵاکان بە نرخێکی گونجاو بکڕن، لە ساڵانی ڕابردوودا ١٥ ھەزار ھاوڵاتی بەشداری لە ڤیستیڤاڵەکە کردوە، ھیوادارین ئەمساڵ ئەو ژمارەیەش تێپەرێنێت و ھاوڵاتی زیاد بەشدار بن، سپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگەکانی حکومەتی ھەرێم دەکەین و ھیوای سەرکەوتن بۆ کۆمپانیا و کارگە بەشداربەوەکان دەخوازین.

لای خۆشیەوە حەسەن ڕەحیم، بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل ڕایگەیاند “فیستیڤاڵی بەھار یەکەمین فیستیڤاڵە لەسەر ئاستی عێراق بووە بە نێودەوڵەتی، کۆمپانیاکان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی بیانیش تیایدا بەشدارن، فیستیڤاڵ ھەلێکی گرنگە بۆ کارگە ناوخۆیەکان کە بەرھەمەکانیان بە ھاوڵاتیان بناسێنن و زۆرترین بەرھەم بە نرخێکی گونجاو بفرۆشن”.

ڕاشیگەیاند “لە وڵاتانی ئێران و تورکیا و سوریا و ھیندستان و عێراقەوە کۆمپانیاکان بەشدار دەبن لە فیستیڤاڵ و چەندین کۆمپانیای جیھانیش لە ڕێکەی بریکارەنیانەوە کاڵاکانیان نمایش دەکەن”.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم فیستیڤاڵە لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە گرنگی تایبەتی پێ دەدرێت و بە فەرمی ناسێنراوە و نوێنەری حکومەتی عێراق لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدار دەبێت، لەلایەن سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی ھەرێمەوە ھاوکاریمان کراوە و زۆر سپاسیان دەکەین، لە ڕووی ئەمیشەوە سەرجەم ڕێکارەکان گیراوەتەبەر و ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ چارەسەر کردنی ھەر ڕوداوێکی نەخوازراو”.

ئاماژەی بەوەشدا، ھیوادارین ھاوڵاتیان وەکو سەیرانێک سەردانی ڤیستیڤاڵی بەھار بکەن خێزانەکانیان بھێنن، لەبەر ئەوەی شوێنی تایبەت بە یاری کردنی منداڵان و پاری ئۆتۆمبیل و خواردنە کوردەوارییەکان دابین کراوە، ھەموو پێداویستەیاکانی جل و بەرگ و پاککەرەوە و کارەبایی و خواردەمەنی بەردەستە و دەتوانن پێداویستیەکانیان بکڕن”.

ئەوەشی خستەڕوو ” بەرھەمەکان بە نرخیکی کەمتر لە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت و چەندین داشکاندن و دیاری تێدایە، ڤیستیڤاڵ ساڵانە سەدان ھەلی کار بۆ گەنجان دەرەخسێنێت”.