لیرەی تورکی لە نزمترین ئاستی مێژوویدایە

نرخی لیرەی تورکی بۆ نزمترین ئاستی لە مێژووی ئەو دراوەدا دابەزی و نرخی یەک دۆلار گەیشتە 11.46 لیرەی تورکی، ئەمەش دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند ئەوەی ڕوودەدات یارییەکی ئابورییە دژی تورکیا.

لەگەڵ بڕیاری بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی سوودی سەر لیرە لەسەر داوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، نرخی دراوەکە دابەزینێکی پێوانەیی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی لە وتارێکدا ڕایگەیاند، ئەو سیاسەتەی لە نرخ و سووددا پیادەی دەکەن بەدڵنیایی سەرکەوتوو دەبێت، ئەردۆغان بە “شەڕی سەربەخۆکردنی ئابوری” ناوی برد.

ئەردۆغان دابەزینی نرخی لیرەی بە شەڕێکی ئابوری دژی وڵاتەکەی دانا و وتی، ئەوەی ڕوودەدات شەڕێکی ئابورییە دژی تورکیا دەکرێت.

لیرەی تورکی لە ئەمساڵدا یەک لەسەر سێی نرخەکەی لەدەستداوە و ئێوارەی دوێنێ گەیشتە 11.46 بەرامبەر هەر دۆلارێک.

دراوەکە تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا 12%ـی بەهاکەی لەدەستداوە، بووە بە خراپترین دراو لەسەر ئاستی جیهاندا، هەروەها لە ڕۆژی پێنجشەممەدا 6%ـی بەهاکەی لەدەستدا کە ئەمە بەرزترین ڕێژەیە لەدوای لەسەرکاربردنی ناجی ئیقبال سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی تۆمارکراوە، کە لە مانگی ئازاردا ئەردۆغان لەکارەکەی دووریخستەوە و بە دوژمنی نرخ و سوودی لیرە ناوی برد.