قوباد تاڵەبانی پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکات

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی ھەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وەک چالاکترین ژوور لەسەر ئاستی عێراق ڕایگەند: لە دڵەوە پیرۆزباییتان لێ دەکەم، ئیوە نەک تەنھا لە بواری داھێنان و بازرگانی وەبەرھێناندا شایستەی خەڵات کردنن بەڵکو شایستەی زۆر لەوە گەورەترن”.

دەقەی پەیامەکە…

بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی
سەرەتا لە دڵەوە پیرۆزباییتان لێ دەکەم بەبۆنەی خەڵات کردنتان لەلایەن یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراقەوە وەک چالاکترین ژوور لە بواری داهێنان و بازرگانی و وەبەرهێناندا. داوای لێبوردنیشتان لێ دەکەم کە نەمتوانی بەشداری ڕێوڕەسمەکەتان بکەم.
بۆ بەندە کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو لە نزیکەوە لەگەڵ ئێوە کارم کردوە و ئاگاداری کار و چالاکییەکانتانم، دیاریکردنی ئێوە وەک چالاکترین ژوور لەسەر ئاستی عێراقدا شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو.
ئێوە نەک تەنها لە بواری داهێنان و بازرگانی و وەبەرهێناندا شایستەی خەڵات کردن و رێزلێنانن، بەڵکو شایستەی زۆر لەوە گەورەتریشن، چونکە بازرگان و وەبەرهێنەرانی سلێمانی لەماوەی ساڵانی پڕ لە قەیرانی رابردوودا بە هەستی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت و خەڵک بوون لە تێپەڕاندنی رۆژە سەختەکاندا.
بێ گومان خەڵکی سلێمانی و بەرپرسانی پارێزگاکەش زۆر بە باشی ئاگاداری کەموکوڕییەکانی حکومڕانی و ئیدارەدانن، کەچی سەرباری هەموو کەموکوڕییەکانیش جێی خۆشحاڵییە لە زۆر بواردا سلێمانی پێشەنگە لەسەر ئاستی عێراقدا. زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی عێراقدا وەک باشترین زانکۆ دیاری کراوە، پۆلیسی سلێمانی وەک باشترین پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی سلێمانی وەک باشترین بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی عێراق و کەرتی تەندروستی سلێمانیش سەرباری هەموو کەموکوڕییەکان لە باشترین بەڕێوبەرایەتییەکانی تەندروستییە لەسەر ئاستی عێراقدا.
هۆکاری هەموو ئەم پێشکەوتنانەش بۆ کلتوری رەخنەگرتن و چاوکراوەیی دانیشتوانی پارێزگاکە دەگەڕێتەوە، ئێمە نەک هەر بە رەخنە و ناڕەزایی خەڵک نیگەران نین، بەڵکو پێشوازیشی لێ دەکەین چونکە بە دڵنیاییەوە رەخنە و ناڕەزایەتییەکان دەبێتەهۆی بەخۆداچوونەوە و پێشکەوتنی زیاتر.
لە کۆتاییدا لەگەڵ پیرۆزبایی دووبارەم، هیوای سەرکەوتن و دەستکەوتی زیاترتان بۆ دەخوازم و دڵنیاشم ئەم بۆنەیە هاندەرێک دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەوڵی زیاتر بدەن بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەتان و دڵنیاشتان دەکەمەوە لە هەر هەوڵێکدا بۆ خزمەتکردنی خەڵک بەندە و حکومەتی هەرێم بە هەموو تواناوە پشتیوانتان دەبین.

بە هیوای سەرکەوتنی زیاتر

قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران