قوباد تاڵەبانی دوای پەسەندكردنی یاسای کار: یەکێک لە ئەولەوییاتی کارەکانم رەخساندنی هەلی کاری زیاترە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران دەڵێت، “کاتێک دەبینم یاسایەک هەیە ماف و سەلامەتیی کرێکار دەپارێزێت و هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنێت، کاتەکانی کارکردن دیاری دەکات و مافی منداڵ و ژن دەپارێزێت، ئەوە بۆ من مایەی شانازییە”.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، “یەکێک لە ئەولەوییاتی کارەکانم؛ بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کاری زیاترە کە تێیدا ماف و ئیمتیازاتی کرێکار لە دەرەوەی کەرتی حکومی پارێزراوبێت”.

لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردەوە، قوباد تاڵەبانی نووسیویەتی، “خۆشحاڵم دوێنێ پەرلەمانی کوردستان، بە سوپاسەوە، یاسای کاری پەسەندکرد. ئەم یاسا گرنگە بە هەوڵی وەزارەتەکانی کار و پلاندانان و راوێژکارەکانمان لە ئەنجومەنی وەزیران و بە هاوکاریی رێکخراوی جیهانیی کار، توانرا ئامادەسازیی بۆ دەرچوواندنی بکرێت. یاساکە پشتبەست بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوە و بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و هاوسەنگی تێدا پارێزراوە”.

جێگری سەرۆك وەزیران جەختدەكاتەوە، “کاتێک دەبینم یاسایەک هەیە پەیوەندیی کرێکار و خاوەن کار رێکدەخاتەوە، ماف و سەلامەتیی کرێکاری نێوخۆیی و بیانیش دەپارێزێت، هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنێت، کاتەکانی کارکردن دیاری دەکات و مافی منداڵ و ژن دەپارێزێت، ئەوە بۆ من مایەی شانازییە. پیرۆزە لە کرێکارانی کوردستان و دەستی ماندووبوونیان دەگووشم، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئەوانیش مافەکانی دواڕۆژیان پارێزراوبن”.