فرۆشتنی دوو رۆژی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی ئاشكرا دەكرێت

ئەمرۆ دووشەممە فرۆشی بانکی ناوەندی عێراق، زیاتر لە 260 ملیۆن دینار بووە، بەڵام بۆ سبەی سێشەممە فرۆشەكەی دابەزاندووە بۆ 235 ملیۆن دۆلار.

بەپێی راگەیاندراوێكی بانكی ناوەندی عێراق، لە میانەی زیادكردنی ئەمڕۆدا، بانكی ناوەندی 261 ملیۆن و 21 هەزار و 884 دۆلاری ئەمریكی فرۆشتتووە،بە نرخی بنەڕەتی 1460 دینار بۆ هەر دۆلارێك.

بڕی 203 ملیۆن و 721 هەزار و 884 دۆلار، بۆ بەرزکردنەوەی باڵانس لە دەرەوەی وڵات بە شێوەی حەواڵە و قەرز بووە، لە کاتێکدا 57 ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری دیکە بە شێوەی فرۆشتنی نەختینە بووە.

بەپێی راگەیاندراوێكی دیكەی بانكی ناوەندی عێراق، سبەی سێشەممە، بۆ 235 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە، كە 191 ملیۆن دۆلاری بۆ دەرەوە بووە و 43 ملیۆن دۆلاریش بە شێوەی فرۆشتنی نەختینە بووە.

33 بانک داواکارییان بۆ بەرزکردنەوەی باڵانس لە دەرەوەی وڵات جێبەجێ کردووە، هەروەها 18 بانک وەڵامی داواکاری نەختینەیان داوەتەوە، جگە لە 249 کۆمپانیای نێوەندگیری.

كۆتایی مانگی رابردوو، زیا موحسین، شارەزای بواری ئابوری عێراقی، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “خشتەی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی، جەخت لەسەر بوونی ئاسانكاریی لەنێوان بانكی ناوەندی و بانكە ئەهلییەكان و كەسایەتییە سیاسییە دەستڕۆیشتووەكان دەكاتەوە، لەڕێی فرۆشتنی زۆری دراوەكە، بە جۆرێك كە زیاتر لە ملیارێك دۆلاری تێپەڕاندووە و قازانجەكەشی خەیاڵییە بەهۆی جیاوازیی نرخەكەی لەگەڵ ئەو نرخەی لەناوخۆدا دەفرۆشرێت”.

بەگوتەی ئەو شارەزایە، “بانكە ئەهلییەكان، لە هەر دۆلارێك 20 سەنت قازانج دەكەن”.

بە گوێرەی داتاکانی بانکی ناوەندی لە هەفتانە زیاتر لە ملیارێک دۆلار دەفرۆشرێتە بانكە ئەهلییەكان.
بانکی ناوەندی عێراق بەرزترین فرۆشی لە دروای دۆلاری ئەمریکی لە مەزادی فرۆشی دراوی ئەمساڵ تۆمارکرد، كاتێك رۆژی 17ی ئاب، بڕی 292 ملیۆن دۆلاری فرۆشت.

زۆرینەی ئەو بڕەی بانکی ناوەندی خستوویەتییە ڕوو، لە شێوەی حەواڵە بۆ بازرگانی رەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە.

باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: “لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بە ئامادەبوونی دیوانی چاودێری، ئەو بەڵگەنامانە ڕادەگەیەنین كە سەرپێچی بانكی ناوەندی دەردەخەن لە كاروبارە یاسایی و دارایی، و دەریدەخەین كە ئێستا بانكی ناوەندی دراو نافرۆشێت، بەڵكو كار بۆ فرۆشتنی عیراق دەكات”.

ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە دەڵێت: “بەڵگەنامەكان و دۆسێكان، ئەو لایەنە ناوخۆییانە ئاشكرا دەكەن كە كار بۆ بەقاچاغ بردنی دراو دەكەن بۆ دەرەوەی عێراق، ئەم كارانەش دراوی بیانی لە وڵاتدا كەمدەكەنەوە و دەبنە مایەی خاپوركردنی تەواوەتی ئابوری عیراق”.