عەلی عەلاق: گران بوونی دۆلار بەهۆی زۆری خواستەوەیە

لای خۆیەوە عەلی عەلاق پێداچوونەوەی بە کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە کاری بانکی ناوەندی و سیاسەتی دراوی کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەرکی بانکی ناوەندی بەدەستهێنانی سەقامگیری دراو و کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکانە.

ڕوونیشیکردەوە، پێویستە هاوسەنگی لە نێوان دابینکردن و خواست لەسەر دراوی بیانی هەبێت، هەروەها کۆنتڕۆڵکردنی پارەی نەختینەیی هاتنە ژوورەوە و دەرچوون لە ڕێگەی فرۆشگاکان و پشتڕاستکردنەوەی هاتنە ژوورەوەی بەشێوەیەکی یاسایی و وتی، “پرەنسیپی گشتی سەقامگیری دراو بریتییە لە بەستنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ بە پارەی نەختینەیی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەکە لە زیادبوونی خواست لەسەر دراوەکەدایە، هاوکات بانکەکە لەڕێگەی پلاتفۆرمەوە دراوەکە دابین دەکات، جەختیشیکردەوە لەسەر ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەپێناو دەرچوون لەو قەیرانە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، ئەندامانی لیژنەکە کۆمەڵێک پرسیاریان کرد سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ، ئەو سزایانەی، کە بەسەر هەندێک بانکدا سەپێنراون، هەروەها ئەو ڕێکارانە چین، کە بانکی ناوەندی پەیڕەوی لێدەکات بۆ زانینی وردەکارییەکان، لەگەڵ گرنگی پەرەپێدانی چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەم قەیرانە.

هاوكات تیشك خرایە سەر پێویستی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دراوی تایبەت بە گەیشتن بە پاکێجی ئابوری، کە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا بێت، دیاریکردنی ژمارەی ئەو بانکانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پەسەندکراون، هەروەها دۆزینەوەی پلانی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دارایی، بەو پێیەی زۆرترین زیانی لێکەوتووەتەوە هاوڵاتی عێراقی و گروپە هەژارەکانە، هەروەها چۆنیەتی پاراستنی دیناری عێراقی و چاودێریکردنی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن، جگە لە ڕێکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکان، جەختکردنەوە لەسەر هەوڵە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی پشتگیریکردنی دامەزراوە داراییەکە و دوورکەوتنەوە لە ئەنجامی قۆناغەکە.

بردنەدەرەوەی دۆلار لە ڕێگەی كارتی بانكییەوە ڕاگیرا

بەپێی بڕیارێكی بانكی ناوەندی عێراق بردنەدەرەوەی دۆلاری لە ڕێگەی كارتی بانكییەوە ڕاگرت و ئەو دەسەڵاتەی دا بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە جۆری (A و B) و بڕیاریشدیا دۆلار ڕاستەوخۆ بە گەشتیاران بدات.

ئومێد قەرەداغی، مامۆستای زانكۆ و ماستەر لە ژمێریاری بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق دوێنێ‌ 23/ 7 بریارێکی تایبەتی بۆ ڕێکخستنی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران ڕاگەیاند.

وتیشی، “بەپێی ئەم بریارە بانکی ناوەندی پێدانی پارە بە گەشتیار دەگوازێـتەوە بۆ کۆمپانیاکانی فرۆشتنی دۆلار لە تایپی (A و B) هەروەها دۆلار بە شێوەیەکی نەقدی دەدات بە گەشتیار”.

لە ئێستادا بانکی ناوەندی کۆمپانیاکانی فرۆشتنی دۆلار رادەسپێرێت بە کردنەوەی دوو حسابی بانکی جیاواز، حسابێکیان تایبەت بە دانانی دینار و حسابەکەی تر تایبەت بە ِراکێشانی دۆلار.

هەر بەپێی بڕیارەكە، بانکی ناوەندی بە نرخی فەرمی دۆلاریان پێدەدات، كە ١٣١٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک و پێویستە کۆمپانیای تایبەت لەماوەی دوو ڕۆژدا پارەکە ڕابكێشێت بە دۆلار.

وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە، “گەشتیار بۆ وەرگرتنی دۆلار ڕوو لە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی دۆلار ئەکات و لەوێوە بەشێوەیەکی نەقدی بەرانبەر بە تەسلیمکردنی دینار، دۆلار وەرئەگرێت”.