عێراق چوارەم گەورەترین هاوردەکاری کاڵای تورکیایە

دەستەی ئاماری تورکیا بڵاویکردەوە، لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، عێراق چوارەم گەورەترین هاوردەکاریان بووە.

لە ڕاپۆرتێکدا دەستەی ئاماری تورکیا ئاشکرای کرد، عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمدا، چوارەم گەورەترین هاوردەکار بووەو بە بەهای ملیارێک و 313 ملیۆن دۆلار کاڵای لە تورکیا کڕیوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە 12 مانگی ساڵی 2022دا ئەڵمانیا لە ریزبەندی یەکەم بە بەهای زیاتر لە 21 ملیار دۆلار و ئەمەریکا بە بڕی 16 ملیار دۆلار کاڵایان لە تورکیا هاوردەکردووە، هەروەها عێراقیش بەبڕی 13 ملیار و 751 ملیۆن دۆلار کاڵای لە تورکیا هاوردەکردووە، دواتر بەریتانیا و ئیتاڵیا دێن.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ماوەی ساڵی 2022دا تورکیا بە بەهای زیاتر لە 254 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی وڵاتان کردووە. ئاڵوگۆڕی بازرگانی تورکیا لە 2022 بەراورد بە 2021 بەرێژەی %12 بەرزبووەتەوە.