عێراق و توركیا پڕۆژەیەكی گەورەی ئابووری جێبەجێ دەكەن

پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای دەكات كە پڕۆژەی “رێگەی پەرەپێدان”، كە بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر لە بەندەرەكانی بەسرەوە بەرەو سێگۆشەی سنووری و توركیا دریژ دەبێتەوە، لە لایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی توركیا رێككەوتن لەسەر جێبەجێكردنی كراوە.

عەدنان جحێشی، پەرلەمانتاری عێراق لەو بارەوە وتی، پڕۆژەی “رێگەی پەرەپێدان”، كە بەدرێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر لە بەندەرەكانی باشوور لەسەر كەنداو بەرەو سێگۆشەی سنووری عێراق و توركیا درێژ دەبێتەوە، كە بەستنەوەیەكی هیڵی ئاسنییە لە نێوان كەنداو و توركیا، عێراق پشتی پێ دەبەستێت بۆ بووژانەوەی ئابووری و بازرگانی.

ئاماژەی بەوەشدا شەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی وڵاتانی دراوسێ و ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو لە بەغدا ساز دەكرێت، بۆ باسكردنی پڕۆژەكە كە بەسرە بە توركیا دەبەستێتەوە، ئاشكرای كرد كە ئەو پڕۆژە لە میانی سەردانی دوایی محەمەد شیاع سوودانی بۆ توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی ئەو وڵاتە رێككەوتنی لەسەر كراوە.

جحێشی زیاتر وتی، مەبەست لە كۆنگرەی وەزیرانی گواستنەوەی وڵاتانی دراوسێ و ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو، گفتوگۆكردنە سەر ئەو پڕۆژەیە، كە سوودی بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەكە دەبێت و رێڕەوێكە بۆ بەستنەوەی عێراق بە وڵاتانی دنیا و ئەوروپا، ئەو پڕۆژەی كار بۆ بەگەڕخستنی دەستی كاركەر و كەمكردنەوەی بێكاری دەكات.