عێراق لە مانگێکدا بە بەهای 986 ملیۆن دۆلار کاڵای لە تورکیا کڕیووە

مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، عێراق بە بەهای 986 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەلی لە تورکیاوە هاوردە کردووە، پێنجەم وڵاتیش بووە کە زۆرترین کاڵای لە تورکیا کڕیووە.

دەستەی ئاماری تورکیا، ئاماری هەناردە و هاوردەی وڵاتەکەی بۆ مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەنقەرە لەو مانگەدا بە بەهای 20 ملیار و 904 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی دەرەوە کردووە، کە لەسەر ئاستی جیهان، عێراق پێنجەم وڵات بووە زۆرترین کاڵایان لە تورکیا کڕیووە، کە لەو مانگەدا عێراق بە بەهای 986 ملیۆن دۆلار کاڵای لە تورکیاوە هاوردە کردووە.

بەپێی دەستەی ئاماری تورکیا، ئەڵمانیا زۆرترین کاڵای لە تورکیا کڕیووە و بەهاکەی گەیشتووەتە یەک ملیار و 784 ملیۆن دۆلار، دوای ئەویش ئەمریکا بە یەک ملیار و 331 ملیۆن دۆلار، بەریتانیا بە یەک ملیار و 65 ملیۆن دۆلار، ئیتاڵیا بە یەک ملیار و 12 ملیۆن دۆلار، پلەکانی دووەم تاکو چوارەمیان گرتووە.