شاندێکی کۆنسوڵیەتی کەنەدا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکات

شاندێکی کۆنسوڵیەتی ووڵاتی کەنەدا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان کردو لەنزیکەوە باس لە پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵیەکان کرا.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و کەمال حەمەعەلی و ئازاد عەبدلقادر و کەمال سەعید و ئاراس عەبدولکریم و حه‌مید عه‌بدوڵڵا، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕیی ژوور پێشوازیانکرد لە دان باربەر، بەڕێوەبەری نوسینگەی کۆنسوڵیەتی کەنەدا لە هەولێر.

لەکۆبونەوەکەدا دان باربەر، بەڕێوەبەری نوسینگەی کۆنسوڵیەتی کەنەدا لە هەولێر ڕایگەیاند “خۆشحاڵ دەبین بە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازیەکان تا بتواندرێت بە شێوەیەکی بەهێز کاری هاوبەش لە نێوان هەردوولادا دروست ببێت”.

راشیگەیاند “دەمانەوێت بانگهێشتی ژووری بازرگانی سلێمانی بکەین بۆ بەشداریکردن لە پێشانگای تایبەت بە نەوت و سوتەمەنی لە وڵاتی کەنەدا لەمانگی ئازار بەڕێوەدەچێت”.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی ڕایگەیاند “شاری سلێمانی بازرگان و وەبەرهێنەری بەتوانای تێدایە کە ساڵانە کاری بازرگانی لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەکەن و ووڵاتی کەنەداش یەکێکە لەو ووڵاتانەی پەیوەندی بازرگانی لە گەڵ هەرێم هەیە بەڵام دەمانەوێت پەیوەندیەکان زیاتر بکەین و کاری بەهێزتر بکەین”.

راشیگەیاند “خۆشحاڵین بۆ بانگهێشتنامەی کۆنسوڵیەت بۆ بەشداریکردنی پێشانگا لەووڵاتی کەنەدا کە ئەوەش دەبێتەھۆی بەهێزکردنی پەیوەندیەکان و ئاشنابون بەکاری هاوبەش لەنزیکەوە دروستبونی پەیوەندی نێوان بازرگانان و وەبەرهێنەران”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ، جەختی لەوەکردەوە کاردەکەن بۆ واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵی کاری هاوبەش لە نێوان ژووری بازرگانی کەنەدا و سلێمانی تابتواندرێت کاری هاوبەش و پەیوەندی بازرگانی و پیشەسازی بەهێزتربکرێت.

سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوەشدا ژووری بازرگانی سلێمانی خاوەنی پێشانگای تایبەت بەخۆیەتی ساڵانە چەندین جۆر پێشانگای تێدا دەکرێتەوە خوازیارین کۆمپانیاکانی ووڵاتی کەنەدا بتوانن بەشداری لەو پێشانگایانەدا بکەن.