شاندێکی بازرگانی کۆماری تورکیا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی دەکەن

بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتیاریەکان، شاندێکی کۆمپانیاکانی وڵاتی تورکیا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانییان كردو له‌لایه‌ن جێگری سه‌رۆكی ژوورو ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كارگێری‌و بازرگانانه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.

له‌ كۆبونه‌وە‌یه‌كدا كه‌ نه‌وزاد غه‌فور، جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و بابان ئه‌حمه‌دو ئازاد عه‌بدولقادرو بورهان عه‌لی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژوورو ژماره‌یه‌ك له‌خاوه‌ن كۆمپانیاكان‌و بازرگانانی شاری سلێمانی ئاماده‌بوون، كۆمپانیاكانی وڵاتی توركیاو بازرگانانی سلێمانی گفتوگۆیان کرد سەبارەت بەجۆری كۆمپانیاكانیان و ئه‌و بوارانه‌ی كه‌ كاری تێداده‌كه‌ن.

‎ساڵح باڵکان، سەرۆکی ڕێکخراوی تیسیات كه‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندی كۆمپانیاكانی توركیای ده‌كرد له‌ كۆبونه‌وه‌كەدا رایگه‌یاند ”سەردانەکەمان فەرمییە بۆ شاری سلێمانی، ئێمە کاردەکەین بۆ دروستکردنی پردێک لەنێوان عێراق و کوردستان له‌گه‌ڵ توركیا بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوریەکان و له‌ڕێگه‌ی پەیوەندی دۆستانەوه‌ ده‌مانه‌وێت کاری بازرگانی زیاتر بکەین له‌گه‌ڵ شاری سلێمانی، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌مان كوردین و له‌شاره‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ هاتوین”.

ڕاشیگه‌یاند ”ئامانجی ئێمە بەهێزکردنی کاری بازرگانییە، نامانەوێت ڕەوشی سیاسی کار بکاتە سەر خاو بونەوەی کارە بازرگانیەکان‌و لەهەموو ناوچەکانی تورکیاوە نوێنەری بازرگانان بەشدارن لەسەردانەکەماندا بۆ پارێزگای سلێمانیهو کۆمپانیاکان له‌بواری جۆر و جۆر کار ده‌كه‌ن، هیوادارین بتوانین گرێبه‌ستی كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی سلێمانیدا واژۆ بكه‌ین”.

نەوزاد غەفور، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند ”ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی یەکەم ژوورە لەسەر ئاستی عێراق کە چالاکترین ژوور بووەو خەڵاتی ئاڵتونی پێبەخشرا، بۆیە هیوادارین پەیوەندی و سەردانکردنی ئەم شاندە ببێتە مایەی کردنەوەی گەشتە ئاسمانیەکان و بەهێزکردنی کاری بازرگانی له‌نێوان پارێزگای سلێمانی له‌گه‌ڵ وڵاتی توركیا”.

ڕاشیگه‌یاند ”ئێمه‌ وه‌ك ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی تاكه‌ ژووری بازرگانین پرۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆمانمان هه‌بێت، لەئێستادا پرۆژه‌یه‌کمان لەسەر ڕوبەری یەک ملیۆن مەتر دوجا دروستكردوه‌ كه‌ ٦٥٠ کۆگای هەڵگرتنی خۆراک و پێداویستەیەکان بۆ پارێزگای سلێمانی له‌خۆده‌گرێت و ئه‌م پرۆژه‌یه‌ سلێمانی كردۆته‌ سه‌نته‌رێكی بازرگانی گرنگ كه‌ لێره‌وه‌ كاڵاكان ده‌نێڕێت بۆ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق، ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی خاوەنی بینای پێشانگای نێودەوڵەتییە كه‌ لە ساڵی ۲٠٠۷وه‌ بەردەوام ساڵانە پێشانگای تێدا دەکرێتەوە لەبوارە جیاوازەکاندا”.

ئاماژەی بەوەشدا “لەپلانی حکومەتی عێراق و هەرێمدایه‌ گرنگی زیاتر بدرێت بەکەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزارو هەوڵدەدرێت هاوردەکردنی کاڵاو کەلوپەل بۆ ناوخۆ کەم بکرێتەوە هەربۆیە لە ٣٠٪ پیشەسازی عێراق لەسلێمانیە کە پێداویستی عێراق لەچەند بوارێکدا پڕ دەکاتەوه‌، له‌بواره‌كانی كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی و به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان و پیشه‌سازی خۆراكیدا سلێمانی پێشه‌نگه‌و هیوادارین لەدوای پەسەندکردنی بودجە لەعێراق هەرێمی کوردستان گەشانەوەی زیاترو کارو پڕۆژه‌ی زیاتر ئه‌نجامبدرێت، پێشبینی ده‌كه‌ین پارێزگای سلێمانی چەندین پرۆژەی گەورەی تێدا ئه‌نجام بدرێت”.

داواشی کرد ”لەمانگی هەشتدا پێشانگای گەشتوگوزار دەکرێتەوە لەناو بینای پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی کە کۆمپانیا تورکیەکان بەشداریی بکەن و ده‌رفه‌تێكی گەورەیە بۆ ناساندنی خۆیان و کارەکانیان و هەوڵبدەن پێشانگایەکی تایبەت بەخۆیان بکەنەوە لەپارێزگای سلێمانی، وەک ژووری بازرگانی سلێمانی پشتیوانی کاری هەر کۆمپانیایەک دەکەین کە پێویستیان بەهاوکاری ژوور بێت”.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ ”ته‌نها سلێمانی و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك بازارێك بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكانتان سه‌یر مه‌كه‌ن، به‌ڵكو هه‌وڵبده‌ن بێنه‌ سلێمانی و لێره‌ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بده‌ن، له‌ئێستادا چه‌ندین بازرگان و سه‌رمایه‌دار هه‌ن كه‌ ئێمه‌ ده‌توانین پێتان بناسێنین و ئاماده‌ن به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌رانی توركیا پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن”.