شاندێکی بازرگانی سەردانی ووڵاتی بەریتانیا دەکات بازرگانان دەتوانن بەشداربن

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تەواوی بازرگانان ئاگادار دەکاتەوە لە گەشتێکی بازرگانی بۆ وڵاتی بەریتانیا بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندی بازرگانی و پیشەسازی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی بەریتانیا بازرگانانی شاری سلێمانی دەتوانن بەشداری بکەن.

ئەنجومەنی کارگێڕی کوردستانی ـ بەریتانی ئەوروپی، لە بانگهێشتنامەیەکدا کە ئاراستەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کردووە ئاماژە بەوەدەکەن” لە ڕێکەوتی ۱۳ـ۱٥ /٦/ ۲٠۲۳ شاندێکی بازرگانی کوردستانی بۆشاری لەندن لە ووڵاتی بەریتانیا ڕێک دەخرێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی لەنێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا بە ئامادەبونی چەند بەرپرسێکی حکومی هەرێم و بەریتانیا”.

شاندە بازرگانیەکە لەبوارەکانی بازرگانی گشتی، پیشەسازی ، وەبەرهێنان ، پیشەسازی کشتوکاڵی و گەشتوگوزار دەبێت و کۆمپانیاکانی وڵاتی بەریتانیا هاوشێوەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تەواوی بازرگانان ئاگادار دەکاتەوە کە لەو بوارانەی لەسەرەوە ناویان براوە کاردەکەن دەتوانن سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بکەن بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر.