شاندێكی حكومی و بازرگانی سه‌ردانی كارگه‌ی لیزی كرد

ئه‌مڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بەئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆکی ژوری بازرگانیی و پێشەسازی سلێمانی و قائیمقامی قەزای بازیان، سەردانی گروپی کۆمپانیاکانی گرین عێراق و کارگەی لیزی وەک یەکێک لە کارگەکانی کۆمپانیای نێودەوڵەتیی پێپسی کردو بە بەشداریی بەڕێزان خاوەندارانی کۆمپانیاکە پێشوازی لە بەڕێزان ئۆجین ویلسمان بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقاو باشوری ئاسیاو عەممار شێخ بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەورە کۆمپانیای جیهانیی پێپسیان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی ئەم کەرتەو بەرهەمهێنانی خۆراکیی و بەتایبەتی چپسی پەتاتەی لیز کرا، بەشێوەیەک کە پشت بە بەرهەمی خۆماڵیی ببەستێت، وابڕیارە کۆمپانیاکە ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ چوار هێندە بەرزبکاتەوەو هانی جوتیارانی کورستان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی پەتاتەو دابینکردنی پێداویستی کۆمپانیاکەیان.
دواتر بەئامادەبوونی شاندی میوان وخاوەندارانی کۆمپانیاکە و ئەندازیارو تەکنیککاران بەشە جیاجیاکانی ئەم کارگە ناوازە ستراتیژییە بەسەرکرایەوە، کەتیایدا دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە نۆسەد هاوڵاتیی سنوری پارێزگای سلێمانی و کوردستان و بۆ دەیان جوتیارو بەرهەمهێنی خۆماڵیی بەئاستێکی تەکنکیی و جۆری بەرز دابینکراوە.
بەڕێز ئۆجین ویلسمان ڕێزلێنانی تایبەتیی کۆمپانیاکەیانی پێشکەش بە بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی ژوری بازرگانیی و پیشەسازی سلێمانی و قائیمقامی قەزای بازیان کرد لەبەرامبەر پشتیوانیان لە پەرەپێدانی بەردەوامی کارگەکەیان و سوپاسی تایبەتی پارێزگاری سلێمانی و حکومەتی خۆجێی سلێمانی و گشت فەرمانگەکانی سلێمانیان کرد کە لە قۆناغی کۆرۆنادا پشتیوانی تەواوی بەردەوامبوونی کارگەو کۆمپانیاکەیان کردوون.