بانکی ناوەند: ئابووری عێراقمان لە داڕمان ڕزگارکرد

ئەمڕۆ چوارشەممە بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، “لە ساڵی 2014 ئابووری عێراقمان لە داڕمان ڕزگارکرد، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا بڕی 40 ملیار دۆلاری بۆ گەشەسەندنی ئابووری عێراق پێشکەشی وڵاتەکە کردووە”.

مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە کۆنگرەیەکدا ئەوەی خستەڕوو، “لە ساڵی 2014دا بانکی ناوەندیی توانی ئەو داڕمانە ئابوورییەی عێراق ڕابگرێت کە خەریکبوو بەهۆی دۆخی ئەمنی و دابەزینی نرخی نەوت تێیدەکەوت”. وتیشی، “ئەرکی بانکی ناوەندیی ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەیە کە لە کاتە سەختەکاندا ڕوبەڕوی کەرتی ئابووری دەبنەوە”.

لایخۆیەوە ئەلینا ڕۆمانووسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق جەختی لەوە کردەوە، “وڵاتەکەی بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی گەشەی ئابووری عێراق و لەماوەی ڕابردوودا 40 ملیار دۆلاری بۆ پێشخستنی ئابووری عێراق تەرخانکردووە”.

وتیشی، “ئەمڕۆ پڕۆژەیەکی هاوبەشی گرنگ ڕادەگەیەنم بۆ دروستکردنی یەکەم کارگەی جیاکردنەوەی گاز کە لەنێوان کەرتی تایبەت و وەزارەتی پیشەسازی عێراق جێبەجێ دەکرێت و بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە زیاتر لە 30 هەزار هەلی کار دەڕەخسێت”.