شارەزایەك هۆشداری لە هەرەسهێنانی زۆری نرخی نەوت دەدات

لە ماوەی ساڵانی دواییدا بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، كەرتی وزە و نەوت یەكێك بوو لەو كەرتانەی گەورەترین زیانی بەر كەوت، دوای سووكبوونی كۆتەكانی بەهۆی كۆرۆنا سەپێنران، نرخی نەوت بەرز بووەوە، بەڵام لە هەڵبەز و دابەزین بەردەوام بوو، شارزایەكی بواری نەوت وریایی لە هەرەسهێنانی نرخی نەوت دەدات.
حەمزە جەواهیری، شارەزای بواری نەوت باس لە بوونی پێنج هۆكار وەك هەڕەشە لەسەر نرخی نەوت دەكات و دووپاتی دەكاتەوە ئەگەر ئەو هۆكارانە بەردەوام بن، ئەگەری هەیە نرخی نەوت جارێكی تر تووشی هەرەسهێنان ببێتەوە، دووپاتی كردەوە پێویستە نرخی نەوت لە بودجەی 2023ی عێراق بە 45 دۆلار و كەمتر بخەمڵێندرێت.
روونی كردەوە، لە گرنگترین هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت بەردەوامبوونی جەنگی ئۆكراینایە، كە بووە هۆی سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمەریكاوە بەسەر كەرتی نەوت و غازی رووسیا، هۆكاری تریش هەیە وەك زیادبوونی رێژەی هەڵاوسان لە ئەوروپا و وڵاتانی تری پیشەسازی، هەروەها پاشەكشەی تێكڕای گەشەسەندن لە وڵاتانی پیشەسازی و ئەوروپا، ئەوانە بوونە هۆی كەمبوونەوەی بەكارهێنانی نەوت.
جیا لەو هۆكارانە سیاسەتی بەسفركردنی كۆرۆنا لەلایەن چینەوە، بووە هۆی كەمبوونەوەی بەكارهێنانی نەوت لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە قەبارەی رۆژانەی نیو ملیۆن بەرمیل، هاوكات كەمتر بەكارهێنانی نەوت لە ئەوروپا و هاندان بۆ بەكارهێنانی وزەی شوێەنگرەوەی پاك.
جەواهیری ئاماژەی كرد كە هەموو ئەو هۆكارانە و چەند هۆكارێكی تری رانەگەیەنراوی سیاسی، بوونە هۆی پاشەكشەكردنی داواكاری لەسەر نەوت و زیادبوونی خستنەڕوو لە بازاڕەكاندا، ئەوانە بوونە هۆی دابەزینی نرخ، بۆیە لە حاڵەتی بەردەوامبوونی شەڕی ئۆكراینا و سزاكانی سەر رووسیا، پێشبینی دابەزینی زیاتری نرخی نەوت دەكرێت، رەنگە بگاتە ئاستی هەرەسهێنانی بۆ نرخێكی زۆر كەم، بۆیە پێم وایە پێویستە نرخی خەملێنراوی نەوت لە بودجەی 2023ی عێراق بە 40 بۆ 45 دۆلار بێتە دانان.