سەرۆک کۆماری عێراق بودجەی پەسەندکرد

سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و2025 پەسەندکرد و ئاماژەی بە پێویستی کارکردن کرد لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و پاراستنی سامانی گشتی و پەرەپێدان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابوری.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، د. لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک  کۆمار جەختی لەوەکردەوە، کە پەسەندکردنی بودجە خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت کە دابینکردنی پێداویستییە پێویستەکانی هاوڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و دەستپێکردنی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژییەکان دەگرێتەوە کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر واقیعی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان دەبێت.

هەروەها ئاماژەی بە پێویستی کارکردن کرد لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و پاراستنی سامانی گشتی و پەرەپێدان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابوری لە کاتێکدا وڵات ڕوبەڕوی ئاڵنگاریەکانی ئابوری و ژینگەیی دەبێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، سەرۆکی کۆمار ستایشی ئەو هەوڵانەی هەمو لایەنەکانی کرد بۆ پەسەندکردنی بودجە و ڕەچاوکردنی لایەنە گرنگەکانی وەبەرهێنان و کارپێکردن بەرامبەر بە توێژی کەم دەرامەت کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدیدەهێنێت. 

پەسەندکردنی سەرۆک کۆمار بۆ یاسای بودجە، دوای ئەوە هات کە یاساکە  لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر درا و گەیشتە سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پەسەندکردنی.