سەرۆکی ژوور: رێگاکانی هاتوچۆ شاڕەگی ئابوری‌و بازرگانین‌و لەکوردستان فەرامۆشکراون

ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی

سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلیمانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمڕۆ لەجهیاندا یەکێک لەپێوەرەکانی جیاکردنەوەی وڵاتێکی ئاوەدان‌و پێشکەوتوو لەوڵاتێکی پاشکەوتوو، باشی‌و خراپی رێگاکانی هاتوچۆو گواستنەوەو گەیاندنە، ئەو دەڵێت “هەرێمی کوردستان هەڵکەوتەیەکی ستراتیجی‌و گرنگی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە شاڕێی بازرگانی چەندین وڵاتی نزیک‌و دوور، بەڵام رێگکانی هاتوچۆو ئامڕازەکانی گواستنەوەی لەئاستی پێویستدا نین بۆ ئەوەی ئەو رۆڵە ببینێت”.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلیمانی بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی ستراتیجی‌و گرنگی ئابوری ھەیە لەبەرئەوەی خاڵی بەیەک گەیاندنی وڵاتانی سوریاو تورکیاو ئێران‌و شارەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراقە،ئەم هەڵکەوتەی جوگرافی وایکردووە ھەموو ئەو وڵاتانە لەڕووی بازرگانییەوە ببەستێت بەیەکەوە، بەڵام ئەوەی لەئاستی خواستی بازرگانانی هەرێمدا نییە رێگاکانی هاتوچۆیە، ئەو وتی “ئێمە لەھەرێمی کوردستان بەندەرمان نیە تا بتوانین بازرگانی لەڕێگەوە ئەنجام بدەین، ھێڵی ئاسنینشمان نیە کە بتوانین کاڵاکان بەئاسانی بگوازینەوە، لەجیھاندا ئەو وڵاتانەی کە چواردەوریان وشکانیییە سەرنجیان لەسەر ڕێگاو بانەکانە بۆ ئەوەی بازرگانییان بەرەو پێش بەرن، ئێمە نەمانتوانیوە تۆڕێک لەڕێگەوبانی سەردەمیانە بنیاتبنێین کە کوردستان بکاتە چەقی بازرگانی ولاتانی دەوروبەرو دوورتریش، لەھەمانکاتیشدا، کارگۆکانی ھەرێمی کوردستان نرخیان زۆر بەرزە، ئەمەش وای کردوە بازرگانان نەتوان زۆربەی پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان لەو ریگایانەوە بھێنن”.
وتیشی “دەبوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان هەر زوو بیری لەوە بکردایەتەوە ئەو ڕێگایانەی کە پەیوەستە بەوڵاتانی دراوسێوە گرنگی زیاتری پێبدات،بەتایبەتی ئەو رێگایانەی دەچنەوە بۆ تورکیا یان ئێران‌و سوریاو سارەکانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق وەک پێویست نین، دەبوو شەقامی سەربەخۆو تایبەتی دروستبکردایە بۆ بارھەڵگرەکان، بەڵام نەک هەر ئەمە نەکراوە، بەداخەوە هەندێکجار کەمتەرخەمی لەم بوارەدا گەشتوەتە ئاستێک کە گرفتی هاتوچۆ لەنێوان شارەکانی ھەرێمی کوردستان خۆیدا سەریانهەڵداوە، ئەمەش وایکردوە بازرگانان دڵگران بن لەوەی حکومەت‌و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کەمتەرخەم بوون لەو شەقامانەی کە پەیوەندی ھەیە بەکەرتی بازرگانیەوە، ئەم بابەتەش زیانی گەورەی لەحکومەت‌و ئەو بازرگانانە داوە کە لەنێوان وڵاتان کار دەکەن”.

سەرۆکی ژوور ئەوە رووندەکاتەوە کە بازرگانان لەڕێگەی ڕوسماتەوە پارەیان داوە بۆ چاککردنی رێگەو بانەکان بەڵام شتێکی ئەوتۆ نەکراوە، ئەو وتی “لەسوتەمەنی تەنی ١٠ دۆلار وەرگیراوە، سامانە سروشتیەکان ئەم پارەیەی وەرگرتوە، دەبوایە تەرخان بکرایە بۆ ڕێگاوبانەکان، کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیارن لەنۆژەنکردنەوەی شەقامەکان‌و دروستکردنی شەقامی نوێ، ئەگەر ئەمە بکرێت ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوریەوە سودێکی گەورە دەبینێت، بەڵام بەداخەوە ئەو پارەیە نەدرا بەوەزارەتی پەیوەندیدارو دروستکردن‌و نوێژەن کردنەوەی ئەو شەقامانە نەچوونە بواری جێبەجێ کردنەوە”.
وتیشی “بابەتێکی دیکە بریتیە لەوەی ئێمە ڕۆژانە بازرگانان‌و پیشەسازان بەتایبەتی ئەوانەی کە بەرھەمی ناوخۆیان ھەیەو لەسلێمانییەوە دەینێرن بۆ شارەکانی ھەولێرو دھۆک یان لەوێوە دەیھێنن بۆ سلێمانی، بەردەوام سکاڵای ئەوەیان ھەیە کە لەنێوان شارەکانی ھەرێمی کوردستان بارەکانیان گومرگ دەکرێت‌و بڕێک پارەیان لێدەسەندرێت، ئەمە بووەتە ھۆی دروستبونی لێکدابڕان لەنێوان سلێمانی‌و شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، هەندێکجار بارودۆخی سیاسی یارمەتیدەر نەبووە بۆ رەخساندنی کەشیکی گونجاو بۆ جموجۆڵی بازرگانی، ئەمەش وایکردوە بازرگانان‌و خاوەن کارگەکان زەرەرمەندی یەکەم بن”.

سیروان محەمەد باس لەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان‌و دەروازە سنوورییەکانی دەتوانن رۆڵێکی گەورەترو گرنگتر ببینن‌و ببنە راڕەوی وشکانی بۆ بەستنەوەی وڵاتانی رۆژهەڵات‌و ناوەڕاستی ئاسیا بەولاتانی رۆژئاوای ئاسیاو ئەوروپاوە، ئەو وتی “پێویستە حکومەتی ھەرێم سەرجەم ڕێگا وشکانیەکانی نێوان تورکیاو سوریاو ئێران بۆ شارەکانی ھەرێمی کوردستان نۆژەن بکاتەوە، کارئاسانی بکات بۆ بازرگانان‌و بەربەستەکان ھەڵبگرێت، لەپارێزگاکانی باشورو ناوەڕاستی عێراق ئەم کێشەیە نیە، ئێمە کە بارێکمان بۆ دێت لەبەسرەوە یان لەبەندەرو دەروازەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندەوە، ھیچ ڕێگریەک نیە لەشارێکەوە بۆ شارێکی تر، بەداخەوە ڕەوشی سیاسی وای کردوە لە ھەڕێمی کوردستان لە نێوان شارەکانیشدا ئەم کێشەیە دروست ببێت، ئەو کاڵایانەی لەباشورو ناوەڕاستی عێراقەوە دێتە ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە پشکنینی بۆ دەکرێت‌و گومرگ دەکرێتەوە، ئەمە نیگەرانی بازرگانانی لێکەوتۆتەوە، بەڵام ئەو کاڵایانەی لەھەرێمی کوردستانەوە دەچێت بۆ شارەکانی باشوری عێراق ھیچ کێشەیەکی نیە، نەگومرگ دەکرێتەوە نەپشکنینی دووبارە بۆ دەکرێت، پشت دەبەستن بەو پشکنین‌و پسوڵانەی لە دەروازە سنوریەکانەوە بۆیان کراوە، هەربۆیە وەک لەڕاگەیاندنەکانەوە گوێمان لێدەبێت‌و بازرگانانیش ئاگادارن، ڕۆژ بەڕۆژ دەروازە سنوریەکانی ھەرێمی کوردستان بەرەو پوکانەوە دەڕوات”.

سەرۆکی ژوور جەغت لەوە دەکات رێگاكانی هاتوچۆ بەشاڕەگی ئاوەدانی‌و گەشەی بازرگانی‌و ژێرخانی ئابوری‌و پێوەری پێشكەوتن یان پاشكەوتوویی وڵاتان دادەنرێن. لەكوردستاندا رێگاوبانەكان لەو ئاستەدا نین كە كەرتە ئابورییەكان پێویستیانەو بەئاست نزمترین خزمەتگوزاریی كوردستان دادەنرێت، بەهێزكردنی ئەم ژێرخانە لاوازو داخوراوە پێویستی بەپلان‌و سیاسەتێكی ئابوریی درێژخایەنە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە پردی پەڕینەوەی کاڵاو شمەک لەنێوان وڵاتان، ئەو وتی “ئێستا ئەو بارھەڵگرانەی لەتورکیاوە دێنە ھەرێم یان ئەو کاڵایانەی لەباشماخەوە دێن، مەرج نیە ھەموو کاڵاکان لەبازاڕەکانی ھەرێمی کودستان ساغ بکرێنەوە بەشێکی زۆری ئەچێت بۆ تورکیاو ئێران‌و سوریا یان ناوەڕاست‌و باشوری عێراق، لەم ماوەیەدا کە لەلایەن ھاوڵاتیانەوە ڕێگاکان گیران، بارھەڵگر هەبوو ١٥ ڕۆژ ڕاگیرا، ئەم بارھەڵگرانە ناتوان لەڕێگای کەرکوکەوە بێن لەبەرئەوەی ڤیزەیان نیە، من ئاگادارم چەند بازرگانێک بارێکی ھەبووە گواستوێتیەوە بۆ ١٢ ئۆتۆمبیلی کیای بارھەڵگر، کە ئەمەش تێچویەکی زۆری دەبێت‌و زۆرجار کاڵاکان خراپ دەبن لەکاتی داگرتن‌و بارکردنەوە، چارەسەرکردنی ئەم کێشانە ئاسانە لەبەرئەوەی بازرگان پارەی داوە بەوەزارەتی سامانە سروشتیەکان پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار تاکو بەزووترین کات شەقامەکان نۆژەن بکرێنەوەو ڕێک‌و پێک بکرێن، یاخود بودجەیەک بۆ ڕێگاکان تەرخان بکرێت”.
وتیشی “دەروازەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، باشماخ‌و پەروێزخان زۆربەی باری ترانزێتی لێوە ھاتووە، بەتایبەتی دەروازەی باشماخ لەبەرئەوەی کرێی گواستنەوە لەناو ئێران ھەرزانە، حکومەتی عێراقی بڕیاری داوە دۆلار بەنرخی فەرمی بشکێنێتەوە بۆ بازرگانەکان ئەو مەنەفێستانەی کە لەبەندەر عەباسەوە دەنێرێت حکومەتی عێراقی گرنگی پێ نادات‌و دۆلار ناگۆڕێتەوە بەنرخی فەرمی، لەبەرئەوەی ئێران لەژێر گەماڕۆکانی ئەمریکادایە، ئەمەش بوەتە ھۆی ئەوەی بازرگانەکان بچنەوە بۆ شارەکانی خوارووی عێراق یان بەندەری عەقەبەو دەروازەی ئیبراھیم خەلیل لەبەرئەوەی زۆر قورسە بازرگان لەبازاڕی ڕەشدا دۆلار بکڕێت بە ١٤٦و ١٤٧ ھەزار دینارو ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ دۆلاریش عمولە بدات، ئەمەش بوەتە ھۆی دوورکەوتنەوەی بازرگانان لەدەروازەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی”.

سەرۆکی ژوور ئاماژە بەوە دەکات کە بابەتی گۆڕینەوەی دینار بەدۆلار بەنرخی فەرمی بابەتێکی نێودەوڵەتییە، ئەو بازرگانانەی لەبەندەر عەباسەوە لەکۆماری ئیسلامی ئێران بار دەهێنن، نەک هەر دۆلاریان بەنرخی فەرمی پێنادرێت، بەڵکو لەئێستادا ھیچ بازرگانێک ناتوانێت بڵێت کاڵام لەبەندەر عەباس ھەیە لەبەرئەوەی یەکسەر حساب بانکیەکەی بلۆک ئەکەن، ئەو وتی “ئەمە هەنگاوێکە بۆ ئەوەی بازرگانان بچنەوە دەروازەکانی ناوەڕاستأو باشوری عێڕاق، ئەوەنەی من ئاگادارم وەکالەتەکانی بابەتە خۆراکیەکان زۆربەیان لەشاری سلێمانین، ڕۆژانە بارھەڵگرەکان لەبەسرەوە بارەکان دەھێنن لەگەنجینەکان دایئەنێن‌و جارێکی تر بەرھەمەکان پەخش دەکەنەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق، نەبونی گەنجینەی ھەڵگرتنی کاڵاکان لەشارەکانی عێراق وایکردوە کە بازرگانەکە ناچار بێت بارەکەی بھێنێتەوە بۆ گەنجینەکانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی گەنجینەکانی شاری سلێمانی، لەبەرئەوەی بەستانداردی جیھانی دروستکراوەو پاکوخاوێنەو شیاوە بۆ ھەڵگرتنی کاڵاکان، دەیان بازرگانی تر ھەن کە کاڵاکانیان لەباشوری عێراق ھەڵگرتوە گەنجێنەکانیان شیاو نیە بۆ ھەڵگرتنی ئەو کاڵایانەی لەدەرەوەی وڵات دەیھێنن، کۆمپانیا جێھانیەکان قبوڵی ناکەن بەرھەمەکانیان توشی زیان‌و تێکچون بێت بەھۆی خراپ ھەڵگرتنەوە، ھەر بازرگانێک پابەند نەبێت وەکالەتەکەی لێدەسەندرێتەوە، بۆیە دەبێت کاڵاکان لەشوێنی شیاو ھەڵبگرن، خۆشبەختانە پڕۆژەی گەنجینەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی باشترین شوێنە بۆ ھەڵگرتنی کاڵاکان‌و زۆربەی جار نوێنەری کومپانیا جیھانیەکان دێن بۆ سەیری کاڵاکان، ئەمەش وایکردوە ئەو بەرھەمانەی لە بەندەری عەقەبەشەوە دێنە عێراق لەگەنجینەکانی سلێمانی ھەڵبگیرێت”.

سەبارەت بەلیکەوتەکانی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی‌و یەکێتی‌و رێیکەوتننامەی نێوان حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق سەبارەت بەفرۆشتنی نەوت، سەرۆکی ژوور وتی “ئاشتەوایی نێوان حیزبە سەرەکیەکانی کوردستان دەبێتە ھۆی زیادبونی جوڵەی بازاڕ، ئێمە دڵخۆشین بەگەڕانەوەی بەڕێزان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزیرەکانی یەکێتی بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران ئەمەش جوڵەی بازاڕ زیاد دەکات‌و شتێکی دڵخۆشکەرە، پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم‌و حکومەتی ناوەندیش زۆر گرنگە، چونکە گەشەی ئابوری بەبێ‌ ئاشتی‌و سەقامگیریی‌و ئارامی بەدینایەت”.