سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لەباڕەی ھەواڵێکی ناڕاست ڕونکردنەوە دەدات

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پێشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت “داوایی ئەوەی ڕۆژنامەنوسێک لێدوانی لێوەرگرتم لەبارەی کێشەی خۆراک لە جیھاندا، لەکاتی بڵاوکردنەوەیدا بەداخەوە قسەکانم دەستکاری کرابوو وەک خۆی بڵاو نەکراوەتەوە”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پێشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “لە لێدوانەکەدا من وتم بەشێک لە بازرگانان و کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق نێودەوڵەتین “ھێمای بازرگانیان” ھەیە کاڵا و شتومەک لە وڵاتانی جیھان دەکڕن ھاوردە دەکەن بۆ عێراق یاخود دەیفرۆشن بە وڵاتێکی دیکە، لە ئێستاشدا بەھۆی جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیاوە لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، خواست لەسەر کاڵا و شتومەک و خواردەمەنی زیادی کردوە، داوا لە کۆمپانیا جیھانییەکان کراوە کاڵا و شتومەکی زیاتر بنێرن بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئێمە نەمان وتووە لە سلێمانییەوە بەرھەمی ناوخۆ دەنێرین بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەڵام بە داخەوە قسەکان دەستکاری کراوە”.

سەرۆکی ژوور جەخت لەوەش دەکاتەوە “لەبازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق تاکو ئێستا ھیچ کێشە و گرفتێکی کەمی خۆراک نیە و گەنجینەکان پڕن لە کاڵا و شتومەک”.

ئاماژەی بەوەشدا، ھێمای بازرگانی واتا ئەو براندەی لەسەر ئاستی جیھان تۆمار کراوە و دەتوانێت کاڵا و شتومەک بۆ سەرجەم وڵاتانی جیھان بنێرێت، لە ھەرێمی کوردستانیش چەندین بازرگانمان ھەیە کە ھێمانی بازرگانیان ھەیە و دەتوانن کاڵا و شتومەک بە سەرجەم وڵاتانی جیھان بفرۆشن، بۆ نمونە، بازرگانێک لەبواری برنج کار دەکات ھێمای بازرگانی ھەیە، کە برنجەکە لە ھیندستان دەکڕێت ئازدە لەوەی دەینرێت بۆ عێراق یاخود بە وڵاتێکی دیکەی بفرۆشێت.