سەرۆکانی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵی ئەمریکا کۆبونەوە

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری‌و بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەگەل سەرۆکانی ژوورە بازرگانیەکان لەرۆژی یەکشەممە لە شاری هەولێر لەگەڵ کۆنسوڵی ئەمریکا کۆبونەوە.

لە کۆبونەوەکەدا باس لە پەیوەندییە ئابووری‌و بازرگانیەکان کرا لەنێوان هەرێمی کوردستان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئێرڤن هیكس جونیەر، كۆنسوڵی گشتیی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان، رایگەیاند ”لە مانگی نیسانی ئەمساڵ شاندێکی گەورەی بازرگانی کە پێکهاتووە لە بازرگانان‌و خاوەن کۆمپانیاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای سەردانی هەريمی کوردستان دەکەن بەمەبەستی ئاشنا بوون بە رەوشی ئابووری هەرێمی کوردستان‌و کار و پرۆژەکان‌و لە نزیکەوە ناسینی بازرگانان‌و سەرمایەداران”.

راشیگەیاند ”هیوادارین بتوانرێت کار و پرۆژەی هاوبەش لە نێوان بازرگانانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان زیاتر بێت‌و بتوانن کاری هاوبەش ئەنجام بدەن”.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری‌و بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند ”خۆشحاڵین بەهاتنی شاندی بازرگانانی ئەمریکا لە پێشوازیاندا دەبین، هیوادارین بتوانین پەیوەندییە بازرگانییەکان بەهێز بکەین، کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمریکا لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی هەرێمی کوردستان کاری هاوبەش ئەنجام بدەن”.

ئاماژەی بەوەشدا، هیوادارین ئاسانکاری بۆ بازرگانان و سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان بکرێت کە لە داهاتوودا سەردانی ئەمریکا بکەن بەمەبەستی ئاشنا بوون بەشيوازی کارکردنی کۆمپانیا و کارگەکان و ئەنجامدانی کاری هاوبەش ”.